یەکەم/ مەرجی تێکڕای نمرە (معدل):
١- بۆ پێشکەشکارانی (دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی)، تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆس ئەژمارناکرێت، واتە خوازیار لە (٥٠٪)ی هەبێت دەتوانێت پێشکەشی بکات.
٢- بۆ پێشکەشکارانی خوێندنی (ماستەر)، پێویستە خوازیار تێکڕای نمرەی لە (٦٠٪) کەمتر نەبێت، جگە لە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان، گەر کەمتر بوو، بۆ بەرزکردنەوەی نمرەکەی سەرەتا دەبێت دبلۆمی باڵا بخوێنێت، دواتر مافی پێشکەشکردنی دەبێت، بە جۆرێک، کە لە (٦٠٪)ی لەسەر تێکڕای نمرەی دبلۆمی باڵا و (٤٠٪)ی لەسەر کۆنمرەی بەکالۆریۆس بۆی ئەژماردەکرێت.
٣ - بۆ پێشکەشکارانی خوێندنی (دکتۆرا)، پێویستە خوازیار کۆنمرەی ماستەری ئەکادیمی لە (٧٠٪) کەمتر نەبێت و کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٠٪) کەمتر نەبێت، جگە لە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان و هەڵگرانی نازناوی زانستیی هەمیشەیی لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە.
دووەم/ مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی:
١- بۆ پێشکەشکارانی (دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی) مەرجی ئینگلیزی لە سەرەتاوە داواکراو نییە، بەڵام پێویستە ئاستی دیاریکراو، لەلایەن زانکۆوە، پێش تەواوبوونی خوێندنەکەی بەدەستبهێنێت.
٢ - بۆ خوازیارانی (ماستەر)، لە کاتی پرۆسەی پێشکەشکردندا، مەرج نییە، بەڵام پێویسته پێش تاوتوێکردنی نامەکەی یەکێک لە دوو مەرجی (أ- تەواوکردنی خولەکانی سەنتەرەکانی زمان، یان ب- تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان) بەدەستبهێنێت، بە جۆرێک بۆ سەنتەرەکانی زمان ئاستی (pre-intermediate) و بۆ تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان (٥)ی ئایەڵس و هاوتاکانی بەدەستبهێنێت.
٣- بۆ خوازیارانی (دکتۆرا)، بە هەمانشێوە لە سەرەتاوە مەرجی زمان داواکراو نییە، بەڵام پێش گفتوگۆی تێزەکەی دەبێت بۆ بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان (٥) ئایەڵس و هاوتاکانی، یان ئاستی (pre-intermediate) لە سەنتەرەکانی زانکۆ حکومییەکان بهێنێت، بۆ بواری زانستە پەتییەکانیش (٦)ی ئایەڵس و هاوتاکانی، یان ئاستی (intermediate)ی سەنتەرەکانی زمان بهێنێت.
٤ - لە بارەی شوێنی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی ئایەڵس و هاوتاکانی، پێویستە لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، یان وڵاتانی ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا و نیوزلەندا و ئوسترالیا تاقیکردنەوەی دابێت، بە پێچەوانەوە ڕەتدەکرێتەوە.
٥- پێویستە زانکۆکان (ڕاستودروستیی - صحە صدور) بۆ بڕوانامە نێودەوڵەتییەکانی ئایەڵس و هاوتاکانی بکەن.
٦- بڕوانامەکانی سەنتەرەکان بۆ ماوەی (٣) ساڵ، کە لە سەرەتای ٢٠١٩ و بەدواوە نوێکراوەتەوە کاریپێدەکرێت، بۆ تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ ماوەی (٣) ساڵ و لە (ڕێکەوتی تاقیکردنەوە)کەوە بۆی ئەژماردەکرێت.
٧ - دەرچووانی بەشەکانی ئینگلیزی و وەرگێڕانیش بە هەمان شێوە مەرجی توانستی زمان دەیانگرێتەوە.
سێیەم/ مەرجی توانستی زانستیی (تاقیکردنەوەی بوارەکە):
١- مەرجە پێشکەشکار لە تێکڕای (٣٠) نمرە (١٥) نمرە بهێنێت و دەربچێت.
٢ - تاقیکردنەوەکان، ناوەندیی/مرکزی دەبن و بەپێی ستانداردێکی زانستیی و لەلایەن لیژنەی پسپۆڕەوە دەکرێن و لیژنەیەک لە وەزارەتەوە سەرپەرشتیی هەموو پرۆسەکە دەکات و لیژنەی تایبەت لە بەش و کۆلێژەکان سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەکان دەکەن.
٣ - تاقیکردنەوەکان بەشێوەی نوسینەکی/تحریری دەبن.
چوارەم/ مەرجی تەمەن:
١ - بۆ خوازیارانی دبلۆمی باڵا، میچی (تەمەن) ڕەچاوناکرێت، لەبەرئەوەی خوێندنەکە بە شێوەی پارالێڵ دەبێت.
٢ - بۆ خوازیارانی ماستەر، پێشکەشکاری دامەزراو پێویستە تەمەنی لە (٤٥) ساڵ زیاتر نەبێت، گەر زیاتر بوو دەتوانێت بە شێوەی پارالێڵ بخوێنێت.
٣ - بۆ خوازیارانی دکتۆرا، پێشکەشکاری دامەزراو پێویستە تەمەنی لە (٥٠) ساڵ زیاتر نەبێت، گەر زیاتر بوو، ئەوا دەتوانێت بە شێوەی پارالێڵ بخوێنێت.
٤ - بۆ خوازیارانی دانەمەزراو، ڕەچاوی (میچ - سقف)ی تەمەن بۆ پێشکەشکارانی ماستەر ودکتۆرا ناکرێت.
پێنجەم/ مەرجی ساڵانی خزمەت:
١ - بۆ خوازیارانی دامەزراو، بەپێی ڕێنماییە بەرکارەکان پێویستە دوو ساڵ بەسەر دوا بڕوانامەیدا تێپەڕبووبێت، هاوکات پێویستە بەپێی پلانی مۆڵەتی خوێندن مۆڵەتی پێبدرێت، پاشان دەتوانێت پێشکەشی بکات.
٢ - بۆ خوازیارانی دانەمەزراو مەرجی ساڵانی خزمەت و دوو ساڵ تێپەڕین ڕەچاوناکرێت، پێویستە خوازیار بەڵێننامەیەکی یاسایی لە بەشی یاسایی زانکۆکان پڕبکاتەوە، کە بیسەلمێنێت دانەمەزراوە.
بۆ زانیاریی زیاتر له بارهی مهرج و ڕێككارهكارهنی پێشكهشكردن، سهردانی ئهم بهستهره بكهن، كه ڕێنمایی ژماره (3)ی ساڵی (2022)ی تایبهت به خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستهر، دكتۆرا)یه له زانكۆ حكومییهكانی ههرێمی كوردستان.