University of Raparin Logo

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، چەند بڕیارێکى گرنگى لە بەرژەوەندى خوازیارانى خوێندنى باڵا دەرکرد

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بریاریدا یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان کە دانەمەزراون، لە تەواوى کرێى خوێندنى ساڵانە بەڕێژەى (١٠٠%) دەبەخشرێن ئەگەر هاتوو لە خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) وەرگیران.ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2023/4/4) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى ژمارە (١)ى ساڵى (٢٠٢٣)ى ئەنجومەنى وەزارەت بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى بەڕێوەچوو.لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کۆى پڕۆژەو بەرنامە ستراتیژەکانى وەزارەت کرد، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەى بە ڕاگەیاندنى ڕاوندى دووەمى خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) کردو لەم ڕوەوە سەرۆک زانکۆکانى ڕاسپارد، کە پێویستە هەموان بەیەکەوە وەک یەک تیم کار بکەین بۆ سەرخستنى ئەم پڕۆسە ئەکادیمیە و چەسپاندنى بنەماکانى (شەفافیەت، دادپەروەرى، هەلى یەکسان) لە پڕۆسەکەدا. هەروەها پێشکەشکاران دڵنیا دەکەینەوە کە بە وردى چاودێرى پرۆسەکە دەکرێت تاوەکو پێشکەشکاران مافیان نەخورێت و جیاوازى نەکرێت لە نێوایاندا.لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، کارنامەى کۆبونەوەکە خرایەڕوو و لەلایەن ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بۆ ئەم مەبەستە ئەم بڕیارانەى خوارەوە دران:1- دامەزراندنى سێنتەرى ڕاوێژکارى خوێندکاران/ قوتابیان لە سەرجەم لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، کە ئامانج لە دامەزراندنى ئەم سێنتەرە بریتیە لە پشتیوانی کردن و ڕێنوێنی کردنى خوێندکاران/ قوتابیان لەڕووی ڕێنوێنی یاسایی و دەرونی و پەروەردەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان، ئەم سێنتەرە ڕاوێژکارییە تەنها تایبەت دەبێت بە کاروبارى قوتابیان و خوێندکاران و کەسێک بە پلەى بەڕێوەبەر بەڕێوەى دەبات.2- یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان کە دانەمەزراون، لە تەواوى کرێى خوێندنى ساڵانە بەڕێژەى (١٠٠%) دەبەخشرێن ئەگەر هاتوو لە خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) وەرگیران.3- کەسوکارى پلە (١) ى شەهیدان و ئەنفالکراونى هەرێمى کوردستان لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچوون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، هەروەها لەکاتى دەرچون و وەرگیرانیان لە خوێندن، ناوبراوان مۆڵەتى خوێندنیان لە دەرەوەى پلانى پەسەندکراو پێ دەدرێت و ناچنە کێبڕکێى پلانى مۆڵەتى خوێندن لە سەرجەم دامودەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.4- نابینایان بە ڕێژەى (١٠٠%) لەگەڵ خاوەن پێداویستی تایبەت، لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلانى پەسەندکراو بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.5- تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا، لەلایەن زانکۆکان ئەنجام دەدرێت کە پێویستە ڕەچاوى بنەماکانى دادپەروەری و شەفافیەت و یەکسانی بکرێت و دور لەهەر مەنسوبیەت و مەحسوبیەتێک پرۆسەکە چاودێری و جێبەجێ بکریت.6- فەرمانبەرانى دامەزراوى حکومى ئەگەر هاتوو تاوەکو رێکەوتى (١/٩/٢٠٢٣) دوو ساڵ بەسەر خزمەتى کردەکى لە راژە پاش وەرگرتنى دوایین بروانامەى پەسەندکراو تێپەربێت، بۆیان هەیە داواکارى پێشکەش بکەن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر یان دکتۆرا.7- ئەنجومەنى وەزارەت جەختى کردەوە کە پرۆسەى خوێندنى باڵا/دکتۆرا و ماستەر و دیبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان ساڵانە بکرێتەوە، تاوەکو دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێندرێت درێژە بە خوێندنى باڵا بدەن.8- ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە دروستکردنی کارتی زیرەک (سمارت کارت) بۆ سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلکترۆنی کردن و ئاسان جێبەجێکردنی کاروبارە دارایی و کارگێرییەکانی قوتابیان و خوێندکاران.لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا کۆمەڵێک پرسی گرنگ و پەیوەندیدار بە گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان گفتوگۆی لەبارەوە کراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.