University of Raparin Logo

زانكۆی راپەڕین، كۆمەكی هاوكاری گەیاندە خێزانی (ساوێن حسێن)ی خوێندكار

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە (١٩ – ٤ - ٢٠٢٣)، سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەیاوەری ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و لیژنەی كەمپەینی هاوکاری سەردانی خوێندکار (ساوێن حسێن)ی لەچوارقورنە كردو داهاتی كۆكراوەی كەمپەینەكەیان گەیاندە دەستی خێزانەكەیان.

كەمپەینی زانكۆی راپەڕین بۆ 

خوێندكاری ناوبراو لەژێر چاودێری سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) بەڕێوەچوو و گروپی كۆمەكی زانكۆ و ژمارەیەك خوێندكارو كەسایەتی سنورەكە، ماندونەناسانە لەماوەی چەند رۆژێكدا توانیان داهاتێكی پێویست بۆ خوێندكاری ناوبراو كۆبكەنەوە. لەماوەی رۆژانی كەمپەینەكەدا بەگشتی هاوكاری و پشتیوانی باشی كەمپەینەكە كرا، و بەپێی دەرئەنجامی لیژنەی كەمپەینەكە (45,462,000) چل و پێنج ملیۆن و چوارسەدو شەست و دوو هەزار دینارو (3301) سێ هەزار و سێسەدو یەك دۆلار كە كۆكرابۆوە گەیەنرایە دەستی خێزانەكەیان. هاوكات بەسوپاسەوە نوسینگەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بڕیارە تێچوی نەشتەرگەری خوێندكاری ناوبراو بگرێتە ئەستۆ هاوشێوەی خوێندكارێكی پێشتوتری زانكۆی راپەڕین كە سەرجەم تێچوی نەشتەرگەریەكەیان لەئەستۆگرت.
سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، لەرۆژی (14 – 4 - 2023)، لەژێر چاودێری سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رەمەزان احمد) كەمپەینی هاوكاری بۆ هاوكاریكردنی خوێندكار (ساوێن حسێن) خوێندكاری قۆناغی چوارەمی بەشی جوگرافیا لەكۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی راپەڕین، راگەیاند كە ناوبراو بەهۆی سستبونی گورچیلەكانی ژیانی لەمەترسیدایەو پێویستی بەنەشتەرگەری چاندنی گورچیلە هەیە.
سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، لێرەوە سوپاسی ئاڕاستەی گروپی كۆمەكی زانكۆی راپەڕین و سەرجەم خێرخوازان و مرۆڤدۆستان دەكەین كە لەكەمپەینەكەدا بەشداریان كردوەو رۆڵیان هەبووە بۆ رزگاركردنی ژیانی خوێندكارێكی گەنج، و هیواخوازین نمونەیان زۆربێت و كەمپەینەكە هاوكاری جدی بێت لەچارەسەركردنی خوێندكاری ئازیزمان (ساوێن حسێن).

سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین