University of Raparin Logo

پەیامی سەرۆكی زانكۆ، بۆ ساڵیادی راپەڕین و مەرگەساتی ٢٤ - ٤ی قەڵادزێ و رۆژی شەهیدی زانكۆ

چاپکردن ئیمەیڵ

 

لەمێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد لەباشوری كوردستاندا، دەڤەری پشدەرو شاری قەڵادزێ پێگەیەكی گرنگی شۆڕشگێڕی هەیەو ناوچەكە خاوەنی دەیان نەبەردی و روداوی شۆڕشگێڕیە، بەتایبەت لەمێژووی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا. دوایئەوەی رژێمی بەعسی فاشیست و دیكتاتۆر بڕیاری گواستنەوەی زانكۆی سلێمانی-دا بۆ شاری قەڵادزێ، شارەكە باوەشی نیشتمانپەروەری و كوردایەتی بۆ مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی كردەوە، بەڵام بەداخەوە به‌هۆى ترسى رژێم له‌ئاوێته‌بوونى تێکۆشانی چه‌ك و پێنوسی به‌رگرى و كۆبوونه‌وه‌یان له‌یه‌ك سه‌نگه‌رى خەبات و تێکۆشاندا، رژێمی دیكتاتۆری بەعس لەبەرەبەیانی رۆژی (٢٤ – ٤ - ١٩٧٤)، بەفڕۆكەی جەنگی و چەكی ناپاڵمی قەدەغەكراو شاری قەڵادزێی بۆردومانكردو زانكۆی سلێمانی كە بەزانكۆی شۆڕش ناسرابوو لەو شارە شەهید كردو ئەو تاوانە چەندین مامۆستاو خوێندكاری زانكۆكەو خەڵكی مەدەنی شارەكەی بریندارو شەهید كرد.
ئەم تاوانە نامرۆییە خەڵكی دەڤەری پشدەری لەكوردایەتی و شۆڕش و راپەڕین سارد نەكردەوە، بەپێچەوانەوە، دوای چەند ساڵێك لەساڵوەگەڕی ئەو كارەساتەدا، خەڵكی نەبەردو سەربەرزی قەڵادزێ و پشدەر لەرۆژی (٢٤ – ٤ -١٩٨٢)دا خۆپیشاندانی جەماوەریان رێكخست، بەڵام بەداخەوە رژێمی بەعس جارێكی تر قەڵادزێی شەهید كردەوە. ئەم تاوانكارییە نامرۆڤانەیەی ڕژێمی بەعس، زامێکی قوڵ و ساڕێژنەکراوی لەدڵی دانیشتوانی قەڵادزێ و كوردستاندا دروستكردوە. هەربۆیە لەپاڵ ئەم رووداوە مێژوویی و نەتەوەییانەدا لەپێناو بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و قوربانیانی مەرگەساتی بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٤/ ٤ی وەک ڕۆژی شەهیدی زانکۆ دیاریکردوە.

شەهیدكردنی شاری قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی لەو شارەدا لەهزرو بیرەوەری هاووڵاتی سنورەكەدا بەپیرۆزی ماوەتەوە، هەربۆیە زانكۆی راپەڕین وەكو دامەزراوەیەكی زانستی و ئەكادیمی لەسنورەكەدا لەم یادە نیشتمانیی و نەتەوەییەدا، ساڵانە چالاكی جۆراوجۆری زانستی رێكدەخات و چەند كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی لەو یادەدا رێكخستووەو ئەمساڵیش بەهۆی رۆژانی جەژنەوە لەرۆژی (٣٠ی نیسانی ٢٠٢٣)دا سیمپۆزیۆمێكی زانستی بۆ بەرز راگرتن و شكۆمەندی راپەڕین و مەرگەساتی (٢٤ی ٤) و رۆژی شەهیدی زانكۆ لەكەمپەسی قەڵادزێی زانكۆی راپەڕین، رێكدەخات.
لەم بۆنە نەتەوەییەدا، بەپێویستی دەزانین ئاماژە بەوەبدەین كە شەهیدكردنی شاری قەڵادزێ رەمزی ڕەتکردنەوەی زوڵم و زۆری بەعسیەکان و خۆبەدەستەوەنەدانی خەڵكی خۆڕاگری دەڤەری پشدەر بوە، بۆیە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، خزمەتی زیاتری كەسوكاری شەهیدان بكات و ئاوڕی جدی لەپڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی دەڤەری پشدەر بداتەوە، كە بەباڵاو بارستایی تێكۆشان و خۆڕاگری و قوربانیدانی ناوچەكە بێت، چونكە بەداخەوە لەئێستادا سنورەكە وەكو پێویست خزمەت نەكراوەو ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.
لێرەشەوە بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕینەوە، پەیامی رێزو وەفا بۆ دەڤەری پشدەرو شاری قەڵادزێ-ی خۆڕاگرو سەربەرز دەنێرین كە هەمیشە سەرمەشقی كوردایەتی و شۆڕش و راپەڕین بوە.

پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین