University of Raparin Logo

وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانى کارى داهاتوى سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار لە زانکۆکان تاوتوێ دەکات

چاپکردن ئیمەیڵ

لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەیەک بۆ داڕشتنى پلانى کارى داهاتوى سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی (١٠/٥/٢٠٢٣) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزارەت بەڕێوەچو، د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکاری وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکیدا بەگرنگى باسى سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆکان کرد و، ڕاگەیاند: سێنتەرەکانى پەرەپێدانی کار دەتوانن لە کاتى خوێندن و دواى تەواوکردنى خوێندنیش خزمەتێکى گەورە و فراوان پێشکەش بە قوتابیان و خوێندکاران بکەن و، دەرفەتى کاریشیان بۆ بڕخسێنن، دوپاتیشکردەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا پاڵپشتى تەواوى سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کارە (CDC) لە زانکۆکان.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا کە بەسەرپەرشتی د.خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەئامادەبونى نوێنەرانى ڕێکخراوی ئایرێکس و پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری کوردستان (KII) و بەڕێوەبەری سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار (CDC) لە وەزارەت و زانکۆکان بەڕێوەچو، بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون لە وتەیەکدا ئامانجى کۆبونەوەکەى ئاشکرا کرد و وتى: دەخوازین پلانێکى تۆکمە و هەمەلایەن بۆ کارى داهاتووى سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار لە زانکۆکان دابڕێژین، بۆ ئەوەش وتى: سوپاسى ڕێکخراوى ئایرێکس دەکەین، کە لە سەرەتاى دامەزراندنى سێنتەرەکان تاوەکو ئێستا هەماهەنگ و هاوکارى سەرەکى وەزارەت بون، وتیشى هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین. د.خەتاب ئەحمەد ئەوەشى ڕاگەیاند: کە وەزارەت بەهاوکاری ڕێکخراوی ئایرێکس نەخشەڕێ و پلانى کاری داهاتوى سێنتەرەکان دادەڕێژێ.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، نوێنەرى پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری کوردستان (KII) وتى: هەر بیرۆكەیەك ببێتە هۆی داهێنان یان نوێگەری یان بزنسسی نوێ لەبواری (IT) بێت یان بواری سیستمی خزمەتگوزاری وه‌ك (پەروەردە، تەندروستی، خوێندنی باڵا) بێت یان دروستكردنی بەرهەمێكی ناوازە و نوێ بێت، هەموویان بەهەند وەردەگرین، بۆ ئەوەش ڕاگەیاند: سێنتەرەکانى پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆکان وێستگەیەک بۆ ئەوەى بتوانین گەنجانى بەرهەمەند بدۆزینەوە و پاڵپشتى تواناکانیان بکەین، وتیشى خۆشحاڵ دەبین ئاستى هەماهەنگیمان لەگەڵ سێنتەرەکان فروان بکەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، ئامادەبوان گفتوگۆیان لەبارەی داڕشتنى پلانى داهاتوى کارى سێنتەرەکان کرد، بەئامانجى پەرەپێدانى تواناى خوێندکاران و قوتابیان و دەرچوان و یارمەتیدانیان بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى کار و پاڵپشتیکردنى بیرۆکەکانیان، بەو پێیەى سێنتەرەکان دەتوانن دەرفەتی گرنگ بۆ دەرچوان بڕخسێنن تا پەرە بەتوانا و لێهاتوەکانیان بدەن بۆ چۆنیەتی دۆزینەوەی کار، هەروەک جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کە زانکۆکان بەهاوکارى شارەزا و پسپۆڕان پرۆگرامى ڕاهێنان لە بوارە جیاکان دابڕێژن، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبوان چەندین بیروڕایان خستەڕو، هەروەک چەند پێشنیازێکیشیان بۆ کار و پلانى داهاتوى سێنتەرەکان خرایەڕو.