وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگترین ڕێکارەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کوردستان بڵاو دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت، لە پێناو بەرژەوەندى گشتى خوازیاران و بەدیهێنانى شەفافیەت و دادپەروەرى و هەلى یەکسان لە پڕۆسەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى کە رۆژى دوشەممە رێکەوتى (2023/6/12) سەعات (11)ى بەیانى بەڕێوەدەچێت، ڕەچاوى ئەم خاڵانەى خوارەوە بکرێت:
١- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە نێو کۆلێژدا هەڵەچنین (تصحیح) بکرێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت ببرێتە دەرەوەى زانکۆ.
٢- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە هەر بەشێک یان کۆلێژێک، لە هۆڵێکی ئامادەکراو هەڵەچنینی بۆ بکرێت.
٣- ماوەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمی (3) سێ سەعات دەبێت، هەروەها بۆ خوێندنى باڵا/دبلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و ماستەر و دکتۆرا ماوەکە (4) چوار سەعات دەبێت.
٤- وەڵامدانەوەى پرسیارى تاقیکردنەوە تەنها بە قەڵەم جافى رەنگى شین دەبێت، لە پێناو نەبونى جیاوازى لە پەراوى تاقیکردنەوەى پێشکەشکاران، پێویستە لە لایەن زانکۆکانەوە قەڵەم جافى رەنگى شین بۆ پێشکەشکاران دەستەبەر بکرێت.
٥- ڕێگە بە بردنە ژورەوەى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن و تەکنەلۆژیا بۆ نێو هۆڵى تاقیکردنەوە نادرێت وەکو (مۆبایل و سەعاتى زیرەک و ..هتد).
٦- پێویستە هەر پرسیارێک لەسەر پەڕاوێکى جیاواز وەڵام بدرێتەوە.
٧- پێویستە پەڕاوى تاقیکردنەوەکان ئامادە بێت بۆ ئەوەى لە هەر کاتێکى پێویست لیژنەى تایبەت لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ بکات بە مەبەستى وردبینی و دڵنیابون لە جێبەجێکردنى گشت رێنماییەکانى پەیوەندیدار.
٨- پێویستە بەشداربوو تەنها وەڵامى پرسیارەکان لە پەڕاوى تاقیکردنەوە بنووسێت و نابێت هیچ (ئاماژەو هێمایەک...هتد) تێدا بنووسێت، بە پێچەوانەوە بە گزى (غش) هەژمار دەکرێت و بە پێى رێنماییەکاتى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
٩- پێویستە بەشداربوو پابەند بێت بە رێکارەکانى لیژنەى سەرپەرشتى تاقیکردنەوەکان و چاودێرەکانى هۆڵى تاقیکردنەوە، بە پێچەوانەوە بە پێى رێنماییەکانى تاقیکردنەوەکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
١٠- پێویستە بەشداربوو یەکێک لە بەڵگەنامە ڕەسەنەکانى وەکو (ناسنامەى بارى شارستانى، رەگەزنامە، کارتى نیشتیمانى، پاسپۆرت)ى پێ بێت.