University of Raparin Logo

وەزارەتى خوێندنى باڵا پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆکانى روسیا پتەودەکات

چاپکردن ئیمەیڵ

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لە کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى باکورى قەوقازى روسیا، جەختى لەپەرەپێدانى هەماهەنگى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان زانکۆکانى کوردستان و وڵاتى روسیا کردەوە، بەتایبەت بۆ پەرەپێدانى بوارى تەکنیکى و پیشەیی.

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (2023/6/14) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی کرد له‌ دیمیتری بێسپالۆڤ سەرۆکى زانکۆى باکورى قەوقاز و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و ماکسیم ڕوبین کۆنسوڵی گشتی ڕوسیا لە هه‌ریمی كوردستان.
لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا بەخێرهاتنى سەرۆکى زانکۆى قەوقاز و کونسوڵى روسیا و وەفدى یاوەرى کرد بۆ هەرێمى کوردستان و دوپاتیکردەوە، پەیوەندى زانستى و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى وڵاتى روسیا دەگەڕێتەوە بۆ پێدانى سکۆلەرشیپى ساڵانە بە خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و قوتابیان لە نێوان هەردولا. هەروەک وتیشى: بۆ داهاتوو مەبەستمانە ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى روسیا فراوانتر بکەین، بۆ ئەمەش ئامادەیى هەموو هاوکارییەکی لەگەڵ ئەو وڵاتە نیشاندا.
سەبارەت بە پەرەپێدانى بوارى پیشەیى و تەکنیکى لە کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە وەفدى زانکۆى باکورى قەوقاز کرد هاوکارى دامەزراوە زانستى و ئەکادیمییەکانمان بن بۆ ئەوەى بتوانین سود لە ئەزمون و توناى وڵاتى روسیا وەربگرن.
لەبەرامبەردا وەفدى زانکۆى باکورى قەوقاز و کونسوڵى روسیا پشتیوانى خۆیان بۆ پرۆژە زانستى و ئەکادیمییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کوردستان دوپاتکردەوە، ڕایانگەیاند لەمیانى سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان سەردانى بەشیک لە زانکۆکانى کوردستانیان کردوەو لەنزیکەوە ئاگادارى پرۆژە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان بونە و لەگەڵ چەند زانکۆییەک بەرنامەى ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى هاوبەش داڕێژراوە.