ڕۆژی دووشەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، وێرکشۆپى تایبەت بەتوێژینەوەى زانستى بەناونیشانى (پێشخستن و پەرەپێدانى توێژینەوە لەهەرێمی کوردستان) لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی رێكخرا كە تیایدا دەیان توێژەرو نوێنەری زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەشداربوون.
لەسەرەتای وێركشۆپەكەدا د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەوتەیەكدا وتی: ''وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەگرنگییەوە لەپرۆسەو جوڵەى توێژینەوەى زانستى دەڕوانێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەى ڕابردودا کۆمەڵێک هەنگاومان ناوە، بەڵام پێویستمان بەپێداوچونەوەیەکى گشتگیر هەیە.''
لەبەشێکى دیکەى وێرکشۆپەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى ڕەهەندە بنەڕەتییەکانى توێژینەوەى زانستى کرا، کە بریتی بوو لە (گۆڤارە زانستییەکان، یاسا و ڕێساکانی بەرزکردنەوەی نازناوى زانستى، توێژینەوەی زانستى و چۆنییەتى بەدەستهێنانى پاڵپشتى دارایی و فەند، چۆنیەتى پێشخستنی ئاستى هاوکاری و هەماهەنگى نێوان توێژەران، باشترکردنی کواڵیتى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، یاسا و ڕێنمایی و پێوەرەکانى پەیوەست بەتوێژینەوەى زانستى).