ئەمڕۆ سێشەممە (٤-٧-٢٠٢٣) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) لەگەڵ کاندیدانی زانکۆی ڕاپەڕین کۆبوەوە، کە بڕیارە بە شداری ڕاهێنانەکانی پڕۆژەکە بکەن لە وڵاتانی ئەوروپا.
لەکۆبونەوەکەدا كە هەریەکە لەبەڕێزان (د. هەژار قادر ابراهیم) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو (پ.ی.د. جمال علی عمر) بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە، و (م. ئاراز محمد) بەڕێوەبەری پەیوەندیەکان بەشداربون، سەرۆکی زانکۆ پیرۆزبایی لەکاندیدەکان کرد کە بە شایستەیی هەڵبژێردراون بۆ نوێنەرایەتیکردنی زانکۆ، هەروەها داوایلێکرن هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی زۆرترین سود لەڕاهێنانەکان وەربگرن و لەکاتی گەڕانەوەیان زانیاری بەدەستهاتوو لەگەڵ هاوپێشەکانیان هاوبەشی پێبکەن.
پڕۆژەی (TeachersMoD) لە لایەن یەکێتی ئەوروپارە بودجەی بۆ دابینکراوەو ئامانجی باشترکردنی پڕۆگرامی خوێندن و ئاشناکردنی مامۆستایانی کۆلێژەکانی پەروەردەی بنەڕەتیە بەشێوازی وانەوتنەوەی سەردەمی. لەو چوارچێوەیەدا، بڕیارە لە مانگی (١١ ی ٢٠٢٣) سێ خولی ڕاهێنانی کورتخایەن لە هەریەکە لە زانکۆکانی (پاڤیا لە ئیتاڵیا)، (ئەلتۆدۆرۆ لە پرتوگال)، و (گرانادا لە ئیسپانیا) بەڕێوەبچن و كاندیدەكانی زانكۆی راپەڕینیش بەشداریان تیایدا بكەن كە بۆ ئەو ڕاهێنانانە، ١٢ مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین لەرێگەی چاوپێکەوتن و خاڵبەندی هەڵبژێردراون، و بەسەر ٣ گروپدا دابەشدەبن بۆ چالاکیەکان.