لەو پێنج هەزار کورسییەی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات لەلایەن حکومەتی عێراقەوە راگەیەندراوە، بەشى پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێگیر کراوەو فەرمانبەران دەتوانن لەم لینکەى خوارەوە داواکارى پێشکەش بکەن.
د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین بۆ ناردنی پێنج هەزار کەس بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات لەسەر ئەستۆی حکومەتی عێراق.
راشیگەیاند: هەفتەی رابردوو بە شاندێک سەردانی بەغدامان کردو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسی ئەو بەرنامەیە بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات کۆبوینەوەو جەختمان لە سودمەندبونی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردوەتەوە لەو دەستپێشخەرییە و ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی ئەو پێنج هەزار کورسییە بەسەر پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی رێژەی دانیشتوان.
هەروەها د. یاسین ساڵح رونیکردەوە: ئەو پێنج هەزار کورسییەی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات راگەیەندراوە، بۆ چوار ساڵە و لە قۆناغی یەکەمدا 400 کورسی دابینکراوە کە دەرگای پێشکەشکردن لە (15ـی ئابی 2023) کراوەتەوە و دوا وادەی پێشکەشکردنیش لە (15ـی ئەیلوولی 2023) دەبێت، هەر پارێزگایەکەیش ئەو رێژە کورسییەی بۆی دابین دەکرێت ئەگەر لە قۆناغی یەکەمیشدا، پڕنەکرێتەوە ئەوا بۆ قۆناغەکانی داهاتوو هەر بە پشکی ئەو پارێزگایە دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لەم بەرنامەیەدا تایبەتمەندی بە کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان دراوە، بە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستانیشەوە، بەبێ کێبڕکێی گشتی لەسەر بنەمای مەرج و رێنماییەکان راستەوخۆ وەردەگیرێن و سودمەند دەبن لە بەدەستهێنانی کورسی خوێندن لە دەرەوەی وڵات.
لەبارەی پشتگیریکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەرگیراوانی ئەو بەرنامەیە، د. یاسین ساڵح ئاشکرایکرد، لەم قۆناغەدا پێشکەشکردنی داواکاری تەنیا بۆ فەرمانبەرانە و دوای وەرگرتنی هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستانیش بەپێی رێنمایی و رێکارەکان، مۆڵەتی خوێندنیان پێدەدرێت و هەموو ئاسانکارییەکیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەکرێت.
رۆژی (24ـی تەمموزی 2023)، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستپێشخەری ناردنی پێنج هەزار کەسی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات راگەیاند کە لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق سەرپەرشتی دەکات و هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێیدا سوودمەند دەبن.
دوای راگەیاندنی ئەو دەستپێشخەرییەش، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا داوای لە محەممەد شیاع سودانی کرد کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش سودمەندبن لەو بەرنامەیە و دوای هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوام، ئێستا کە قۆناغی یەکەمی ئەو بەرنامەیە چالاککراوە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری بۆ بەدەستهێنانی کورسی خوێندن لە دەرەوەی وڵات پێشکەش بکەن.
بە گوێرەی مەرج و رێنماییەکانی ئەو بەرنامەیە بۆ خوێندنی ماستەر، پێشکەشکار نابێت تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بێت و بۆ خوێندنی دکتۆرا نابێت تەمەنی لە 35 ساڵ زیاتر بێت، هەروەها بۆ ئەم قۆناغەی پێشکەشکردن، فەرمانبەر بێت لە یەکێک دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم یان حکومەتی فیدراڵی و دانیشتووی یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت.
پێشکەشکردن لەڕێگەى ئەم لینکەوە دەبێت (https://hced.ur.gov.iq/) ...
بۆ خوێندنەوەی مەرج و رێنماییەکانی پێشکەشکردن و پڕکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن سەردانی ئەم لینکە بکەن: