University of Raparin Logo

رێوڕەسمى خۆتۆمارکردن بۆ خولى سێیەمى ڕاهێنانی پێداگۆجى دەستیپێکرد

چاپکردن ئیمەیڵ

   پێداگۆجى، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ چاکسازى و ڕیفۆرم لە پڕۆسەى وانەوتنەوەدا، لەم پڕۆسەیەدا وەزارەت بەهاریکارى پارتنەرە نێودەوڵەتیەکان ماوەى چەند ساڵێکە دەستی پێکردوەو توانیویەتى گۆڕانکارى بنەڕەتى لە شێوازى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بکات، لەم چوارچێوەیەداو لەنوێترین هەنگاودا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تۆمارکردنی مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستانی بۆ خولى سێیەمی پێداگۆجی ڕاگەیاند.

   ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (2023/9/21) بەسەرپەرشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەئامادەبونى د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و د. ژاڵە سەعید بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان و بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى پێداگۆجى لە زانکۆکانى کوردستان و کاندیدانى خولى سێیەمى ڕاهێنانى پێداگۆجى و ستافى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان، ڕێوڕەسمى خۆتۆمارکردن بۆ خولى سێیەمى ڕاهێنانى مامۆستایانى پێداگۆجى لە چواردە زانکۆى حکومى و سێ زانکۆى تایبەت دەستپێکرد.

   لە وتەیەکدا د. ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان ڕایگەیاند: پڕۆژەی ڕیفۆرمی سیستمی پێداگۆجی خاڵی وەرچەرخانە بە ئاراستەی فراوانکردنی دونیا بینی نەوەی تازەو ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئازادی بیرکردنەوە و داهێنان و کارسازی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندی پرۆسەی خوێندن لەگەڵ کایەکانی ژیانی کۆمەڵگە و پێداویستییەکانی بازاڕ و گەشەکردنی ئابوری وڵاتەکەمان.

  هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتی: لە ئێستادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستدەکات بە دەستپیکردنى خولى سێیەمى ڕاهێنانى مامۆستایانى پێداگوجى، بەم شێوەیە ژمارەیەکى تر لە مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان ئامادە دەبن بۆ پرۆژەى پێداگۆجى. زیاتر وتیشى: پرۆسەی خوێندن دەبێت لەسەر بنەمای (فێربون و بیرکردنەوەی داهێنەرانەو کارسازی) دابڕێژینەوە، هەمو خوێندکارێک دەبێت بەشداربێت لە کارێکی داهێنەرانە" کە خزمەت بە چارەسەرکردنی پرس و گرفتەکانی سێکتەرەکانی کۆمەڵگە بکات و هەوڵ بدەین پرۆسەی خوێندن بەتەواوەتی لەگەڵ کۆمەڵگە و بزنس و کەرتی پیشەسازی هەماهەنگ و پێکەوە گرێدراو بن.

   لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى پێداگۆجى لە زانکۆکان چەندین پێشنیاز گەڵاڵە کرا بۆ زیاتر بەرەوپێشچونى خولى نوێى راهێنانەکە، لەهەمانکاتیشدا لەلایەن مامۆستایانی کاندیدکراو لەلایەن زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دید و بۆچونی خۆیان لەبارەی چۆنیەتى بەڕێوەچونى خولى نوێى راهێنانى مامۆستایانى پێداگۆجى و سود وەرگرتن لە تواناکانیان بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار بۆ کۆمەڵگە خستەڕوو.