بەئامانجى ناساندنى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) و سودوەرگرتن و هاوبەشیکردنى ئەزمونى سێنتەرەکان لەگەڵ یەکتر، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهەماهەنگى کۆنسوڵگەرى گشتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان یەکەمین دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) بەڕێوەبرد.
لە ڕۆژانى (٢٨و ٢٩-١٠-٢٠٢٣) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى هۆتێل شیراتۆن لە شارى هەولێر، بەئامادەبونى د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژکارانى وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و نوێنەرى کۆنسوڵگەرى گشتى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار لە دیوانى وەزارەت و زانکۆکان و ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەکە، دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار بەڕێوەچوو.
بەرێز د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون لە وتەیەکدا بەگرنگیەوە باسى لە کارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار کرد و بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان بە گرنگییەوە لە کارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) لە زانکۆکان دەڕوانى بۆ ڕاهێنان و ئامادەکردن و ئاشناکردنى دەرچوان بە ژینگە و بازاڕى کار، لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا باسى لە کار و هەنگاوەکانى وەزارەت کرا بۆ چۆنیەتى هاندان و پاڵپشتیکردنى کار و پڕۆژەکانى سێنتەرەکان لە وەزارەت، هەروەک سوپاسى ڕێکخراوى (IREX)ى کرد، کە هەر لە سەرەتاوە هاوکار و هەماهەنگى وەزارەت بوون بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانى کارى سێنتەرەکان، هیواشى خواست یەکەمین دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) ببێتە وێستگەیەکى دیکە بۆ داڕشتنى نەخشەڕێی نوێى کارکردن و زاڵبون بەسەر ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.
دوا بەدواى پێشکەشکردنى وتەکان، کارنامەى یەکەمین دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) بەپێشکەشکردنى چەند پانێڵێکى جیا کە بەرێز(م.رێبین حمە اسماعیل) بەرێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆی راپەرین بە بابەتێک بەشداربوو لە پانێڵەکە کە گرنگترین ئاڵنگارییەکان، پراکتیزە و خزمەتگوزارییەکانی CDC لە چوارچێوەی جیاوازدا شەن و کەو کران، لەگەڵ چۆنیەتی بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار و ئاماژەدان بە سەرچاوە، بەرنامە و ڕاهێنانەکان کە بۆ CDC بەردەستن) گفتوگۆى ورد لەبارەى ناوەڕۆکى یەکەمین دیدارى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) کرا.
واش بڕیارە سەرجەم گفتوگۆ و بۆچونەکانى ئەو دیدارە، لەو چوارچێوەى کۆمەڵە پێشنیازێکدا گەڵاڵە بکرێن و دواتریش بکرێنە نەخشەڕێى کارى داهاتوى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار (CDC) لە زانکۆکان.