نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2023/11/7) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و شارەزایانی نێودەوڵەتی، کۆبونەوەى لێژنەى ئامادەکارى پێداچونەوە بە پرۆگرامەکانى خوێندنى کۆلێجەکانى زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دوپاتیکردەوە پرۆگرامەکانی خوێندن لەبەر ڕۆشنایی روپێوی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری دادەڕێژینەوە، بەوهیوایەی دەرچوانمان باشتر ئامادە بکەین بۆ پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار. وتیشى: لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەى پێداچونەوەى پرۆگرامەکان یەکێک دەبێت لەو ئامانجەمان کە کارمان لەسەرى کردوە.
لەبارەى بەستنەوەى پرۆگرامەکان بە بازاڕى کار د. ئارام محمد قادر وتى: پڕۆسەى گۆڕانکارى تەواوى جیهانى لە هەموو بوارەکان گرتۆتەوە، ئێستا زانکۆ پێشکەوتوەکان قوتابى و خوێندکار نەک بۆ بازاڕى ناوخۆیی بەتەنها، بەڵکو بۆ بازاڕى نێودەوڵەتى ئامادەیان دەکەن، گرنگە ئێمەش وەک زانکۆ و کۆلێژ و بەشەکان بەسود وەرگرتن لە ئەزمونى سەرکەوتوی وڵاتان خۆمان بۆ ئەو گۆڕانکاریانە ئامادە بکەین، بەشێوەیەک پرۆگرامەکانى خوێندن بەشێوەیەک بونیاد بنێینەوە کە لەگەڵ پێداویستیەکانى ئەمڕۆ و داهاتوى بازاڕى کار بگونجێت.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت و سەرۆکى لێژنەى پێداچونەوەى پرۆگرامەکان، کورتەیەکى لەبارەى کارى لێژنە هاوبەشەکان و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى فراوانى پێداچونەوەى پرۆگرامەکان لەسەرجەم بەشەکان خرستەڕوو، دواتریش کۆبونەوە بڕیاریدا لە نزیکترین دەرفەتدا هەنگاوەکانى بەستنى کۆنفرانسى فراوانى پێداچونەوەى پرۆگرامەکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.