ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین بەشداری خولی ڕاهێنان لە هەردوو وڵاتانی پرتوگال و ئیسپانیا دەکەنلەچوارچێوەی پڕۆژەی (TeachersMOD)، هەشت مامۆستای زانکۆی ڕاپەڕین بەشداریان لەدوو خولی ڕاهێنان لە هەردوو وڵاتی پرتوگال و ئیسپانیا کرد، خولەکان ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، ڕۆژانی (١٣-١٤/ ١١ / ٢٠٢٣) لە زانکۆی ئۆتاد لە وڵاتی پرتوگال و ڕۆژانی (١٦-١٧/ ١١/ ٢٠٢٣) لە زانکۆی گرانادا لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوون.
بابەتەکانی خولەکە پەیوەستن بەچۆنییەتی ئامادەکردن و پەروەردەکردنی مامۆستایانی قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی، بە ئاڕاستەی پەروەردەیەکی هاوچەرخ و سەردەمییانە. پرۆژەکە بۆ بەرزکردنەوەی توانای وانەوتنەوەی مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتییە. بەهۆی ئەوەی زۆرینەی مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی لە کۆلێژەکانی پەروەردەی بنەڕەتەوە ئامادەدەکرێن، بۆیە هەنگاوی یەکەمی پرۆژەکە لە کۆلێژەکانی پەروەردەی بنەڕەتەوە دەستیپێکردوە.
ئامانجی گشتی TeachersMOD بریتییە لە پشتگیریکردن و پاڵپشتی دامەزراوە ئەوروپییەکان، لە مۆدێرنکردن و بەرزکردنەوەی کوالیتی وانەوتنەوە لە زانکۆ کوردییەکان، بە داهێنانی میتۆدۆلۆژیای وانەوتنەوە، پێداچونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن و بەهێزکردنی لێهاتویی ستافی زانکۆ لە کۆلێژەکانی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
پڕۆژەی TeachersMOD لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە پشتیوانی دارایی بۆ تەرخانكراوەو كۆی راهێنانەكان و تێچووی پڕۆژەكە لەسەر بودجەی پڕۆژەكەیەو زانكۆی راپەڕین و چەند زانكۆیەكی دیكە لەهەرێمی كوردستان وەكو هاوبەش بەشدارن لەپڕۆژەكەداو بڕیارە ئەو مامۆستایانەی راهێنانیان پێدەكرێت، لەئایندەدا رۆڵی بەرچاویان هەبێت لەكردنەوەو بەڕێوەبردنی سەنتەرێكی تایبەت لەكۆلێژەكانی پەروەردەی بنەڕەت لەو زانكۆیانەی بەشداری پڕۆژەكەیان كردووە.