ئەمڕۆ پێنجشەممە (30 -11 – 2023)، تیمێكی سكرتاریەتی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەندین سەرچاوەی زانستیان پێشكەشی كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی راپەڕین كرد.
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) و بەڕێز (پ.ی.د. هەژار قادر ئیبراهیم) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو بەڕێز (پ.ی.د. جمال علی عومەر) بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەو هەروەها بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکانی یاسایی و ڕاگەیاندن و نوسینگەی سەرۆکی زانکۆ پێشوازیان لەوەفدێكی سكرتاریەتی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد كە پێكهاتبوو لەبەڕێزان رێبوار سابر حەوێز و دەریا وریا خضر نوێنەرانی سكرتاریەتی مەكتەبی سیاسیی كە چەندین كتێبیان وەكو دیاری مەكتەبی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی راپەڕین هێنابوو.
لەبەرامبەردا سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، سوپاسی زۆر و بێپایانی ئاڕاستەی مەكتەبی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و وەفدەكەی سكرتاریەتی مەكتەبی سیاسیی كرد، بۆ پەرۆشی و هاوكاری و هەماهەنگی بەردەوامیان بۆ زانکۆکان بەگشتی و زانكۆی راپەڕین، كە لەماوەی رابردووشدا لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆرینەی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆكان نۆژەنكرانەوەو چەندین كەلوپەل و پێداویستیان بۆ دابینكرا، هەروەها دابینكردنی سەرچاوەی زانستی بۆ كتێبخانەی زانكۆكانیش لەسۆنگەی پەرۆشی سەرۆكی یەكێتییەوەیە بۆ زانكۆكان، بۆیە بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، سوپاس و پێزانینیان ئاڕاستەی وەفدی میوان كرد.