University of Raparin Logo

لقێكی ئەمریكان كۆرنەری سلێمانی لەزانكۆی راپەڕین دەكرێتەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ شەممە (١٣ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٤) لەسەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، بەئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆ بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) و ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ، یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان زانكۆی راپەڕین و ئەمریكان كۆرنەر لەسلێمانی، واژۆ كرا.

لەكۆبونەوەیەكدا سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، لەدوای بەخێرهاتنی وەفدی ئەمریكان كۆرنەر لەسلێمانی، باسی لەرۆڵ و كاریگەری كردنەوەی سەنتەرە نێودەوڵەتییەكان كرد لەزانكۆكانداو بەتایبەتیش لەزانكۆی راپەڕیندا كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەوڵی كردنەوەی چەند سەنتەرێكی نێودەوڵەتی دراوە، هەروەكچۆن سوپاسی ستافی ئەمریكان كۆرنەری سلێمانی كرد كە بەپەرۆشبوون بۆ واژۆكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن و كردنەوەی لقێكی ئەمریكان كۆرنەر لەزانكۆی راپەڕین. هەر لەكۆبونەوەكەدا سەرۆكی زانكۆ سوپاسی راگری كۆلێژی پەروەردە بەڕێز (پ.ی.د. هاوڕاز قادر) و مامۆستا (هێما احمد) مامۆستا لەبەشی ئینگلیزی كرد كە لەماوەی رابردوودا كاری جدیان كردووە بۆ كردنەوەی لقێكی ئەمریكان كۆرنەر لەزانكۆی راپەڕین.
دواتر بەڕێز (هاوبیر حمە علی) بەڕێوەبەری ئەمریکان کۆرنەر لە سلێمانی، تیشكی خستەسەر كاروچالاكییەكانی ئەمریكان كۆرنەكان كە یەكێكە لەپڕۆگرامەكانی وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی ئەمریكا و كارو پڕۆژەو چالاكییەكانیان لەناوەندە ئەكادیمی و زانستییەكاندا جێبەجێدەكەن، و وتیشی: لەجیهاندا ٧٠٠ ئەمریكان كۆرنەر هەن، و لەعێراقیشدا ٩ كۆرنەرو لەهەرێمی کوردستانیش ٣ كۆرنەر هەن، كە خولی راهێنان و چالاكی زانستی و ئەكادیمی رێكدەخەن و بڕوانامەی باوەڕپێکراو دەبەخشێت بەبەشداربووان و زیاتریش چاویان لەسەر توێژی خوێندكارانە بۆ چالاكییەكانیان.
پاشان بەڕێز (پ.ی.د. هاوڕاز قادر) راگری كۆلێژی پەروەردە لەزانكۆی راپەڕین، كورتەیەكی دەربارەی هەنگاوەكانی كردنەوەی لقی ئەمریكان كۆرنەرو كۆلێژی پەروەردەو بەشەكانی ئینگلیزی لەزانكۆی راپەڕین خستەڕوو.
بەپێی ناوەڕۆكی یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە، لەداهاتوویەكی نزیكدا لقێكی ئەمریكان كۆرنەری سلێمانی لەزانكۆی راپەڕین، لەكۆلێژی پەروەردە لەكەمپەسی قەڵادزێ دەكرێتەوە، و دەستدەكات بەچالاكی و پڕۆژەو پڕۆگرامی ناوخۆیی و نێدەوڵەتی بۆ خوێندكاران و ستافی زانكۆی راپەڕین.