University of Raparin Logo

گروپێک لە توێژەرانی کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان دوو توێژینەوە بڵاودەكەنەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

گروپێک لەتوێژەرانی بەشی سامانی ئاژەڵ لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەکان دوو توێژینەوەی هاوبەش لە دوو گۆڤاری زانستی نێودەوڵەتی خاوەن ئیمپاکت فاکتەر لە ئاستی ڕیزبەندی جیهانی چارەکی یەکەم بڵاو دەکەنەوە.

بە سەرپەرشتی بەڕێز ( د.زانا عزیز عبدالکریم) مامۆستا لە بەشی سامانی ئاژەڵ لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەکان لە زانکۆی راپەڕین و بە بەشداری گروپێک لە توێژەرانی بەشی ناوبراو دوو توێژینەوەی زانستی لە دوو گۆڤاری زانستی نێودەوڵەتی بڵاوکرانەوە لە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە کەمپەسی قەڵادزێی زانکۆی راپەڕین کە بە شێوەی مەیدانی و تاقیگەیی ئەنجامدران بە بەشداری ژمارەیەک لە خوێندکارانی قۆناغی چواری بەشەکە.
توێژینەوەی یەکەم بەناونیشانی (Effects of garlic, onion, and apple cider vinegar as a herbal mixture on performance and blood traits of broilers inoculated with chicken infectious anemia virus) لەگۆڤاری (Heliyon) بڵاوكراوەتەوە كە خاوەن ئیمپاكت فاكتەری (4)ەو لەچارەكی یەكەمی گۆڤارە ئاستبەرزەكانی ریزبەندی سیماگۆدایە.
کورتەیەک لە توێژینەوەکە:
ئامانج لەم توێژینەوە بریتیبوو لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە تەندرووستیە خراپەکانی یەکێ لەو ڤایرۆسانەی کە تووشی پەلەوەر دەبێت بەناوی: Chicken Anemia Virus
ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرگری جەستە و کەمبوونەوەی خوێنی پەلەوەری تووشبوو کە ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی کۆمەڵی نیشانەی نەخۆشی لە سەر پەلەوەرەکان بە نموونە لە کێڵگە پەلەوەریەکان،وەک نیشانەکانی کەم خوێنی و کەمبوونەوەی وەزن، وە تووشبوون بەم نەخۆشیە سەر دەکێشێ بۆ مردن بە ڕێژەیەکی بەرز کە ئەمەش زیانێکی گەورەی ئابووری بە دوای خۆیدا دێنێ لە کێڵگە پەلەوەریەکەن.
لە ڕێگەی ئەم توێژینەوە تیمی توێژەران هەوڵیاندا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە تەندرووستیە خراپەکانی ڤایرۆسی ئاماژەپێدراو، بۆ ئەم مەبەستەش توێژەران بە پلانێکی ستانداردی زانستی و تەکنیکی ژمارەی پێویستیان لە پەلەوەر تووشی ڤایرۆسی ناوبراو کرد، و لە ڕێگەی بەکار‌هێنانی تێکەڵەیەک لە ڕووەکی سروشتی لەناو خۆراکی پەلەوەرەکان توانرا کاریگەرییە خراپەکانی ئەم ڤایرۆسە بۆ سەر تەندرووستی پەلەوەرەکان بە ڕێژەیەکی بەرز کەم بکرێتەوە تا ئەو ئاستەی کە توانرا ئاستی گیان لە دەستدانی پەلەوەرەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە.
ئەم توێژینەوەیە بایەخی گرنگی هەیە لە ڕووەکانی کلنیکی و زانستە بنچینەییە پزیشکیەکانی وەک فارماکۆلۆجی و بەرگری جەستە و ڤایرۆسزانی و خۆراک، بۆیە دەکرێت تێکەڵەی بەکارهێنراو لە ڕووەکی سروشتی ئەم توێژینەوەیە سوودی لێوەربگیرێ دژی ڤایرۆسی تر کە زیان بە پەلەوەر و ئاژەڵ و مرۆڤەکان دەگەیەنن لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەیەی تر.
بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەكە كلیك لەم بەستەرە بكەن:
https://www.sciencedirect.com/science/article/pii/S2405844023049769

توێژینەوەی دووەم بەناونیشانی (Effects of black cumin, fenugreek, and sesame seeds as a mixture on performance, intestinal morphology, and blood traits of broilers under chronic heat stress conditions) لەگۆڤاری (Italian Journal of Animal Science) بڵاوكراوەتەوە، كە گۆڤارەكە خاوەن ئیمپاكت فاكتەری (2.5)ەو لەچارەكی یەكەمی گۆڤارە ئاستبەرزەكانی ریزبەندی سیماگۆدایە.
کورتەیەک لە توێژینەوەکە:
ئامانج لەم توێژینەوە بریتیبوو لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە تەندرووستیە خراپەکانی پلەی گەرمی نا ئاسایی بەرزی درێژخایەن لەسەر پەلەوەرەکان بە تایبەت لە وەررزی گەرمدا، بە نموونە لە کێڵگە پەلەوەریەکەن کە دەبێتە هۆی دروستبوونی (سترێسی گەرمی) کە لە ئەنجامدا کاریگەری نێگەتیڤ دروستدەکات لەسەر ئاستی خواردن و ئاستی وەبەرهێنان و بەرگری جەستە و کەمبوونەوەی توانای هەرس، وە لە کۆتایدا توندی نیشانەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی مردن بە ڕێژەیەکی بەرز کە ئەمەش زیانێکی گەورەی ئابووری بە دوای خۆیدا دێنێ لە کێڵگە پەلەوەریەکان.
لە ڕێگەی ئەم توێژینەوە تیمی توێژەران هەوڵیاندا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە تەندرووستیە خراپەکانی سترێس بە هۆی بەرزبوونەوەی گەرمی ، بۆ ئەم مەبەستەش توێژەران بە پلانێکی ستانداردی زانستی و تەکنیکی ژمارەی پێویستیان لە پەلەوەر ڕووبەڕوی دۆخی سترێسی گەرمی کرد، دواتر لە ڕێگەی بەکار‌هێنانی تێکەڵەیەک لە ڕووەکی سروشتی لەناو خۆراکی پەلەوەرەکان توانرا کاریگەرییە خراپەکانی ئەم دۆخی سترێسی گەرمیە بۆ سەر تەندرووستی پەلەوەرەکان بە ئاستێکی بەرچاو کەم بکرێتەوە، بە نموونە لە ڕووی باشکردنی توانای گەشە و بەرگری و فرمانی جگەر و هەندێ فرمانی پەیوەندیدار بە خانەکانی خوێن، تا ئەو ئاستەی کە توانرا ژمارەی گیان لە دەستدانی پەلەوەرەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو نزمبکرێتەوە.
ئەم توێژینەوەیە بایەخی گرنگی هەیە لە ڕووەکانی کلنیکی و زانستە بنچینەییە پزیشکیەکانی وەک فارماکۆلۆجی و بەرگری جەستە و خۆراک، بۆیە دەکرێت تێکەڵەی بەکارهێنراو لە ڕووەکی سروشتی ئەم توێژینەوەیە سوودی لێوەربگیرێ بۆ ئامانجی تری باشکردنی تەندروستی لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەیەی تر.
بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەكە كلیك لەم بەستەرە بكەن:
https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/1828051X.2023.2273426