خوێندكارانی ئازیز
مامۆستایانی بەڕێز
بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی ڕاپەڕین و ئەنجومەنی زانكۆوە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی دەرچوون و سەركەوتنتان لێدەكەم ، بە بۆنەی تەواوكردنی قۆناغێكی تر لە كاروانی نەبڕاوەی زانست و زانیاری ، قۆناغێك كە دەكرێت وەرچەرخانێكی گرنگ بێت لە ژیانی دواڕۆژتاندا وە ڕۆڵێكی گرنگی هەبێت لە رەسم كردنی ڕێڕەوی ژیانتان.
وا ئەمڕۆ بەرهەمی شەو نخونی و تێكۆشانی خۆتان و هاوكاری و پاڵپشتی خانەوادەكانتان و خەمخۆری و ماندووبوونی بەردەوامی مامۆستاكانتان هاتە بەرهەم ، بەو بۆنەیەوە دەستی ماندوونەبوونی مامۆستاكانتان دەگوشم و هیوادارم هەر بەردەوام بن لە خزمەتكردنی ڕۆڵەكانی میللەتەكەمان وە پیرۆزبایی لە كەس و كارەكانتان دەكەم.
خوێندكارانی خۆشەویست:
لە سایەی حكومەتی هەرێم و هەوڵی نەبڕاوەی مامۆستایان و خەمخۆرانی زانكۆكەمان ، ساڵ بەساڵ خەرمانی بەشە زانستیەكان گەورەتر دەبێت و تیشكی خزمەت لە پسپۆڕیە جیاوازەكاندا بەرفراوانتر دەبێت ، هەر لە ساڵی خوێندنی (2014 – 2015) سێ بەشی زانستی (فیزیا و كیمیا) لە خوێندنی بەیانیان و (زانستی گشتی) لە خوێندنی ئێواران كرایەوە ئەوە جگە لە كردنەوەی خوێندنی ماستەر لە (مێژوو و جوگرافیا) هاتە پاڵ خوێندنی ماستەری(پەرستاری و كوردی) كە لە ساڵی ڕابردوو كرابوونەوە.
خوێندكارانی ئازیز.
بۆ ئەم ساڵی دەرچوونی ئێوە بە بۆنەی هاتنی ڕەمەزان لە مانگی(تموز)دا كە كاتی ئاهەنگی دەرچوانی زانكۆیە و بەهۆی ئەو بارە ئابووریە سەختەی كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستانی پیا تێپەڕ دەبێت نەمانتوانی ئاهەنگێكی شایستەتان بۆ ئامادە بكەین بۆیە وەك ئاهەنگی ماڵئاوایی ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەوە بۆ پیرۆزبایی دەرچونتان و پێدانی بڕوانامەكەتان.
ئێوەش شایستەی زیاترن و هیوای دواڕۆژی میللەتەكەمانن .
هیوای سەركەوتن و سەرفرازی و ئاسودەبوونتان بۆ دەخوازین.
سەرۆكایەتی زانكۆی ڕاپەڕین