University of Raparin Logo

وتەی سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین لە مەراسیمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین لە ڕانیە

چاپکردن ئیمەیڵ

 

   بەڕێزان: -

   - سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

-    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

-    وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

-    بەرپرسانی سنوری ئیدارەی راپەڕین

-    میوانانی خۆشەویست.. مامۆستایان و خوێندكارانی ئازیز

بەخێربێن بۆ ئاهەنگی دەرچووانی خولی سێیەمی خوێندكارانی زانكۆمان، كە ئاهەنگێكی تایبەتە و بۆ یەكەمجار دەرچوانی خولی دووەمی تاقیكردنەوەكان بەشداری تێدادەكەن.

شادمان و خۆشحاڵین كە لەگەڵماندا ئامادەن و ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی دەرچوون و سپاردنی دەستەیەكی نوێ‌ لە دەرچوانی ئەكادیمی و زانستپەروەر بە ناوچەكە و تەواوی كوردستان، بۆ ئەوەی بەو زانست و پاشخانە ناسەوانی (مەعریفی)ەی لە ساڵانی خوێندنیاندا لە زانكۆ بەدەستیانهێناوە خزمەت بە ئەمڕۆ و ئایندەی گەلەكەمان بكەن و، رۆڵیان هەبێت لە پێشخستنی كۆمەڵی كوردی و گەیاندنی میللەتەكەمان بە كەناری ئارامی و سەرفرازی و بەدیهێنانی كۆمەڵێكی مەدەنی، كە هەموولایەك بە یەكسانی و دڵنیایی ژیانی تێدا بەسەرببەن.

 

بەڕێزان..

لە پلانی نوێی زانكۆماندا هەموو هەوڵەكانمان بە ئاراستەی بایەخدانە بە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و هێنانی پڕۆگرامی خوێندنی هاوچەرخ و توێژینەوەی زانستی و، كردنەوەی بەشی نوێی زانستی لە خوێندنی بەرایی (بەكالۆریۆس) و خوێندنی باڵادا.

هەر لەم پێناوەدا گرنگیی تەواومانداوە بە پڕۆگرامی خوێندن و نوێكردنەوەی لە گشت بەشە زانستییەكاندا، هەروا سەنتەری توێژینەوە ئەكتیڤ كراوە و خولی توانستی زمانی ئینگلیزی لە رێگەی سەنتەری زمان لە زانكۆماندا كراوەتەوە، كە چەندین مامۆستای بیانی تێیدا وانەدەڵێنەوە ، جگە لە كردنەوەی خولی رێگاكانی وانەوتنەوە و، خولی نوێی تایبەت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی مامۆستایان و ئاشناكردنیان بە چۆنێتیی وانەوتنەوە.

هەر لەمساڵی خوێندندا لە زانكۆكەماندا چەندین خوێندكار بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرایان وەرگرتوە و، چوار مامۆستاش پلەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەریان پێبەخشراوە.

هەروەك توانرا پێداویستیەكانی تاقیگەی بەشەكانی بایۆلۆجی و كیمیا و فیزیا دابین بكرێت، بەو هیوایەی كە لە ساڵی ئایندەی خوێندندا بەشەكانی كیمیا و فیزیاش بخرێنەسەر خەرمانی زانستیی زانكۆمان.

دابینكردنی سەرچاوەی زانستی لە رێگەی كڕینی هەزاران كتێب و بەشداریكردنی زانكۆمان لە (المكتبە الافتراچیە العراقیە)دا، كە كتێبخانەیەكی پێشكەوتووی ئەلیكترۆنییە و، دەستی مامۆستایانمان واڵادەكات بۆ گەیشتن بە سەدان هەزار سەرچاوەی زانستی.

هەروا ناردنی دەستەیەك لە مامۆستایان بۆ بەشداریكردن لە خولەكانی رێكخراوی (DAAD) لە ئەڵمانیا و رێكخراوی ( IREX) ی ئەمەریكی و بەشداری پڕۆگرامەكانی یەكێتیی ئەوروپا كاری دووهەم بەناوی (مرحبا) هەوڵێكە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ئەكادیمیی مامۆستایان و تێكەڵبوون بە جیهانی دەرەوە. سەرەڕای ئەوەی، بەشداریكردنی چەند خوێندكار و مامۆستایەكی زانكۆمان لە فێستیڤاڵێكی كەلتوریی گەنجان لە شاری ئیستەنبوڵ، كە رێكخراوی یەكێتیی زانكۆكانی ئۆراسیا رێكیخستبو، هەنگاوێك بو بە ئاراستەی پتر ناساندنی دۆزی كورد و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر كوردستاندا هاتون و، پیشاندانی كەلتوری نەتەوەكەمان بە خوێندكارانی گەلانی دنیا.

دانپیانانی زانكۆمان لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عیراقی فیدڕاڵ، جگەلەوەی هەوڵێكی زانكۆمان بوو، مانای بەرزیی ئاستی زانكۆمان دەردەخات، لە هەمانكاتدا دڵنیاییشە بۆ خوێندكارانی زانكۆمان بۆ پەسەندكرنی بڕوانامەكانیان لە كاتێكدا دەیانەوێت لە دەرەوەی وڵات بخوێنن و، كرانەوەی زانكۆمانە بەڕووی ئەندامبوونی لە رێكخراوە زانكۆییەكانی جیهان و عەرەبی و ناوچەكەدا.

هەروا بیرۆكەی هەوڵدان بۆ دروستكردنی (رێكخراوی زانكۆكانی كوردستان)مان لە گشت پارچەكانی كوردستان لە لا گەڵاڵە بووە، بەو هیوایەی بتوانین بە هەوڵی هەموو لایەك بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و پەیوەندیی زانكۆكانی كوردستان بە ئاكامی بگەیەنین.

لەمساڵی خوێندندا جگەلەوەی لە (سكوڵی پەرستاری) خوێندنی باڵا بەردەوام بوو، توانرا ماستەر لە بەشی كوردی/ فاكەڵتی پەروەردە بۆ هەردوو پسپۆڕییەكانی (زمان و ئەدەب) بكەینەوە، ساڵی ئایندەش خوێندنی دكتۆرا لە پسپۆرییەكانی (پەرستاری) ‌و خوێندنی ماستەر لە بەشەكانی (جوگرافیا، مێژوو) دەستپێدەكرێت.

هەروەك بەستنی كۆنفراسی پلانی ستراتیژی لە زانكۆماندا بە سەركەوتوویی بەرچاومان روونتردەكات بۆ گەشەكردنی زانكۆمان لە كردنەوەی بەشی تازەدا.

هەروەها دروستكردنی بینای تازە لە بوارە جیاجیاكاندا، جگە لەوەی توانای زانستیی زانكۆمان بەرزدەكاتەوە و دەرفەتی وەرگرتنی ژمارەیەكی پتری خوێندكارانمان پێدەبەخشێت.

ئازیزان..

زانكۆمان لە دوو خولی رابردوویدا (564) دەرچووی پێگەیاندووە لە پسپۆڕییە جیاوازەكاندا و پێشكەشی ناوچەكە و هەرێمی كوردستانی كردوون.. ئەمڕۆش لەم ئاهەنگەدا بڕوانامە دەبەخشێتە (444) دەرچوو.. بەوهیوایەی كە دەرچووان چۆن لە قۆناغەكانی خوێندندا سەركەوتووبوون، ئاواش لە ئەركی ئایندەیاندا كە پەروەردەی ئەم دەزگا زانستییەن لە خوێندنی باڵا سەركەوتووبن و، دڵسۆزانە خزمەتی میللەتەكەیان بكەن.

لە كۆتاییدا دەڵێین:

پیرۆز بێت رۆژی سەركەوتن لە دەرچووانی ئازیز.

پیرۆز بێت لە دایك و باوك و كەسوكاریان، كە ئەمڕۆ بە چاوی خۆیان سەركەوتنی رۆڵەكانیان دەبینن و، دەزانن هەوڵەكانیان لە پێناوی جگەرگۆشەكانیان بە ئامانج گەیشتووە.

پیرۆزبێت لە مامۆستایانی ئازیز، كە بە هەوڵ و تێكۆشان و هیلاكیی بەردەوامیان پۆلێكی تر لە خوێندكارانیان پێگەیاند.

پیرۆزبێت لە خەڵكی دەڤەرەكە و هەرێمی كوردستان.

سەركەتووبێت پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بەری رەنجی تێكۆشانی رۆڵەكانی گەلەكەمان و شەهیدە سەربەرزەكانن.

دەبا گیانی شەهیدەكانمان ئاسودەبكەین بە كوردستانێكی گەشاوە و پێشكەوتو و خاوەن ئایندەیەكی رۆشن.

 

                                                                                                                                     پ.د.محمد علی عبدالله

                                                                                                                                      سەرۆكی زانكۆ