زانكۆی راپەڕین، "سەنتەری هاریكاری هەلی كار" دادەمەزرێنێت
وۆركشۆپی گەشەپێدانی دەرفەتی كار بۆ دەرچووانی زانکۆ بەڕێوەچوو
ڕۆژی چوارشەممە ١٩/ ١١ / ٢٠١٤، لەچوارچێوەی كاروچالاكیەكانی بەڕێوەبەراەتی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندنی زانكۆی ڕاپەڕین بەهاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای كانی توو لەكارێكی خۆبەخشدا هەڵسان بەسازدانی وۆركشۆپێك لەژێر ناونیشانی (پێشخستنی هەلی كار لەدەڤەری ڕاپەڕین)
لەو وۆركشۆپەدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین و سەرۆكی شارەوانی ڕانیەو بەشێكی زۆری مامۆستایان و خویندكارانی قۆناغی چوارەمی زانكۆی ڕاپەڕین و دەرچووانی سنورەكە ئامادەبوون .
ئامانجی سازدانی وۆركشۆپەكە ڕەخساندن و پێشخستنی هەلی كارە بۆ ئەو گەنجانەی بەدوای كاردا دەگەڕێن و دەیانەوێت بەشێوازەكانی دۆزینەوەی هەلی كار لەكۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت ئاشنا بن.
مامۆستا ئاراز رەمەزان بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی زانكۆی راپەڕین لەوتەیەكدا تیشكی خستە سەر گرنگی چالاكیەكانی زانكۆ، پلانی داهاتوی زانكۆی راپەرین بەتایبەت كردنەوەی سەنتەری هاریكاری هەلی كارو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە لەمانگی داهاتوودا ئەو سەنتەرە بەرەسمی دەكرێتەوەو میكانیزمێكیش دەبێت بۆ هاریكاریكردنی دەرچووانی زانكۆی راپەڕین.
دواتر ئەمین خدر ئەحمد لێپرسراوی ڕاگەیاندن و رۆشنبیری زانكۆ وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كردو وتی: كە مەبەستمان لە ئەنجامدانی ئەو چالاكییە بەشداریكردنی زانكۆیە بۆ ڕەخساندنی هەلی كارو دۆزینەوەی میكانیزمی چارەسەركردن بۆ قەیرانی بێكاری كە ڕووبەڕووی دەرچووانی زانكۆ دەبێتەوە، هەروەها بەئامانجی دروستكردنی پەیوەندی و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان زانكۆو كۆمپانیاكان و ڕێكخراوەكانی كەرتی تایبەت.
بڕیار قادر بەڕێوەبەری كارەكانی كۆمپانیای كانی توو بەسایتی زانكۆی راگەیاند: ئەوە بۆ یەكەمجارە لەدەڤەری ڕاپەڕین كارێكی لەو جۆرە بكرێت، ئامانجی ئێمە هاوبەشیكردنی زانكۆی راپەڕینە لەكەڵ كۆمپانیاكەمان، ئاشناكردنی گەنجانی دەڤەرەكەمانە بەكۆمپانیا بەناوبانگەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و كۆمپانیا بیانیەكان و چۆنێتی خۆ دەوڵەمەندكردنیان لەشێوازی نووسینی سی ڤی و ئەنجامدانی چاوپێكەوتن و چۆنیەتی بەشداریكردنیان لەپێشانگای هەلی كار كە وابڕیارە هەفتەی داهاتوو ڕۆژی ٢٠١٤/١١/٢٦ لەشاری هەولێر رێكبخرێت.
نوسینی : ئەیوب محمد
فۆتۆ : محمد عبدللە