ڕۆژی چوار شەممە ٢٦/ ١١ /٢٠١٤ زانکۆی راپەڕین بە هاوکاری لەگەڵ سەنتەری چالاکی گەنجانی رانیە، مەراسیمی ڕاگەیاندنی زنجیرەیەک چالاکی تایبەت بەهەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رێکخست.
سەرەتای مەراسیمەکە بە چەند ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی نیشتیمان دەستیپێکرد، دواتر گروپی میوزیکی سەنتەری چالاکی گەنجانی ڕانیە بە پارچەیەک میوزیک بەشداری مەراسیمەکەیان کرد.
پاشان پرۆفیسۆر د. محمد علی عبداللە سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین وتەیەکی پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ باسی لە ڕۆڵ و گرنگی ئافرەتان کرد لە کۆمەڵگادا، هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و کاریگەری ڕێکخراوەکانی بواری ژنان لە کەمکردنەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا.
لە دوایدا بەڕێز عبدالحمید عبداللە سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین باسی لە ڕۆڵی ئافرەت کرد لە کۆمەڵگادا، بەتایبەت بەرەنگاربوونەوەی شەڕڤانانی ژن دژی تیرۆر لە کۆبانێ بۆ بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان بەرزنرخاند .
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا بەڕێز حسن ڕەشید حاجی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان- ڕاپەڕین بەشێوەیەکی گشتی باسی لە جۆرەکانی توندوتیژی خێزانی لە کۆمەڵگادا کرد وەک توندوتیژی (پیاو بەرامبەر پیاو ، پیاو بەرامبەر ژن ، ژن بەرامبەر پیاو ، توندوتیژیەکان بەرامبەر منداڵان) ، لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێز حسن ڕەشید ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی کە لەلایەن نوسینگەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینەوە تۆمارکراون و لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە خستەڕوو ، بەجٶرێک لە کۆی ٢٥٥ دۆسیە ١٦٣ دۆسیە داخراوە ، وە ٦٤ دۆسیە بەردەوامیان هەیە و ٢٨ دۆسیەش ڕەوانەی دادگا کراوە.