University of Raparin Logo

کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی ڕاپەڕین زیاتر لە ٢٠ هەزار سەرچاوەی هەیە

چاپکردن ئیمەیڵ

كتێبخانە: دەزگایەكی ڕۆشنبیری كۆمەڵایەتی پەروەردەیی فێركردنی گشتییە. سەرجەم بەرهەمەكانی بیری مرۆڤی تێدا دەپارێزرێت، بە سیستەمێكی ڕێكو پێك ڕێكدەخرێت، بە كەمترین ماوەو ئاسانترین شێوەو بێ‌ بەرامبەر ڕاژەی خوێنەران دەكات.

م.ی شوانە حسن علی بەڕێوەبەری  بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ تایبەت بە سایتی زانکۆ وتی : لە ئێستادا کۆی گشتی سەرچاوەکانی کتێبخانەی زانکۆ نزیکەی ٢٠،٢٤٠ بیست هەزارو دووسەدو چل سەرچاوەیە ئەوانیش بریتین لە کتێب و توێژینەوەو فەرهەنگ و گۆڤارەکان و ...هتد.

 ژمارەی ئەو خوێنەرانەی لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا سەدانی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆیان کردوە نزیکەی ١٦،٠٠٠ شانزە هەزار خوێنەربووە، ئەوانیش خوێنەری ناوخۆی زانکۆمان و دەرەوەو خوێندکاری زانکۆو پەیمانگاکانی تری کوردستان و خوێندکاری ماستەر کە سەرچاوەیان لە ئێمە خواستووەو ئێمەش لە بەرامبەردا ناسنامەیان لێوەردەگرین.

شوانە حسن وتیشی : لە ئێستادا خوێنەرمان زۆر زیاتر بووە چونکە پێشوتر هەموو فاکەڵتی و سکوڵ و بەشە جیاوازەکان کتێبخانەی تایبەتی خۆیان هەبووە، بەڵام لە ئێستادا هەموو ئەو کتێبخانانە بوونە یەک کتێبخانە کە کتێبخانەی ناوەندی زانکۆیە .

سەبارەت بە پلانی داهاتوو بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ وتی : ئێمە وەکو بەڕێوەبەڕایەتی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ بۆ داهاتوو دوو پلانی تایبەتمان هەیە ئەوانیش پلانی کورتخایەن و درێژ خایەن، لە پلانی کورت خایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمان هەوڵدەدات بۆ نوێکردنەوەی تاقیگەی ئینتەرنێتی زانکۆمان، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پلان و ئامارو تەکنەلۆجیایی زانیارییەکان پلانمان هەیە بۆ سەرەتای ساڵی تازە ئەو تاقیگەیە بخەینەکار بۆ ئەوەی خوێندکاران  لە ڕێگەی کۆمپیوتەرو ئینتەرنێتەوە لە کتێبخانەکەماندا بە دوای سەرچاوەدا بگەڕێن .

هەر لە چوارچێوەی پلانی کورت خایەندا بەنیازی ئەنجامدانی ڕاپرسی گشتگیرین ئەویش لە ڕێگەی فۆڕمێکی ڕاپرسیەوە دەبێت، بۆ ئەوەی هەر خوێنەرێک سەەردانی کتێبخانەکەمانی کرد ئەو فۆڕمە پڕبکاتەوە، دواتر لە ڕێگەی فیدباکی خوێنەرانمان هەوڵ دەدەین کەموکوڕی و کێشەکانی خوێنەرانمان چارەسەر بکەین.

لە پلانی درێژخایەنیشدا بەڕێوەبەرایەتیەکەمان هەوڵ بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ دەدەین بۆ ئەو مەبەستەش قسەمان لەگەل سەرۆکایەتی زانکۆ کردوەو داوامان لێکراوە پڕۆپۆزەڵێک ئامادە بکەین، هەرچەندە ئەم پلانە ماوەیەک دوا دەکەوێت بە هۆی ئەو قیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بۆتەوە .