سەنتەری پەرەپێدان و زمان لە زانکۆی ڕاپەڕین لە مانگی خەرمانان ی ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە، سەبارەت بە هۆکاری دامەزراندنی ئەو سەنتەرە (م.ی صلاح بابکر حسێن) بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدان و زمان وتی : هۆکارە سەرەکیەکانی دامەزراندنی ئەم سەنتەرە ئەوەبوو کە ساڵانی پێشوو خوێندنی ماستەر دەکرایەوە لە زانکۆکانی تر بەڵام خوێندکارانی ئەم ناچەیە دەرفەتی ئەوەیان نەبوو پێشکەشی بکەن، لەبەرئەوەی توانستی زمانی ئینگلیزیان نەبوو، هەروەها بەشێکی کەمیشیان ڕوویان لە زانکۆکانی هەولێر و سلێمانی و کۆیە دەکرد بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی توانستی زمان، هەرچەندە دەرفەتی وەرگرتنیان کەمبوو، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە زانکۆی ڕاپەڕین وەک سەرجەم زانکۆکانی تر ئەم سەنتەرە بکاتەوە.
بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی یەکێکە لە داواکارییە سەرەکیەکانی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا ماستەر، داواکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی ئەم سەنتەرە ئەوەیە کە دەبێت فێرخواز ١٦٠ کاتژمێر بخوێنێت، بەڵام لە سەنتەری زمانی زانکۆی ڕاپەڕین ٢٩٥ کاتژمێروانە دەخوێنن و تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ فێرخواز بڕوانامەی ئەم سەنتەرەی وەرگرتووە کە زۆربەیان فەرمانبەرن لەسەر میلاکی زانکۆی راپەڕین و ڕێژەیەکی زۆریشیان پێشکەشی ماستەریان کردووەو وەرگیراون.
ستافی سەنتەری زمان لە مامۆستایانی بیانی پێکدێت و لە پێشتردا ژمارەیەکی زۆر مامۆستای هەبوو بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ئێستا تەنها سێ مامۆستای میلاکی هەیە ، پێوەرەکانی وەرگرتنی فێرخواز لە سەنتەری زمان پێویستە خوازیار مەرجەکانی وەرگرتنی ماستەری تێدابێت واتا دوو ساڵ خزمەتی فعلی هەبێت و کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە ٦٥% کەمتر نەبێت.
مامۆستا صلاح بابکر دەربارەی داهاتی سەنتەرەکەو پلانی داهاتوو وتی : داهاتی ئەم سەنتەرە کێشەی لەسەرە بەڵام بەم نزیکانە چارەسەر دەکرێت و چاوەڕێی ڕێنمایی وەزارەتی دارایین، پلانی داهاتووشمان ئەوەیە کە لە ساڵانی داهاتوو جگە لە کۆرسی زمانی ئینگلیزی کۆرسی زمانەکانی تریش بکەینەوە، هەروەها ئەنجامدانی سیمینارو وۆرک شۆپی تایبەت بە مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی کە ئێستا لە زانکۆمان وانە دەڵێنەوە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی زیاتری زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی راپەڕین و زنکۆمان بەرەو خوێندن بە زمانی ئینگلیزی ببەین .