رۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی٧/ ١٢/ ٢٠١٤ ڕێكخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە خولێكی دوو ڕۆژی (هۆشیاری ڕێ نیشاندەری ژیان) بۆ فەرمانبەرانی زانكۆی راپەڕین كردەوە، لەخولەكەدا ٢٧ فەرمانبەرانی زانكۆی ڕاپەڕین و نوێنەری فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین بەشدار بوون و ماوەی دوو ڕۆژی خایاند .
سەبارەت بەكردنەوەی ئەم خولە لەزانكۆی ڕاپەڕین بەڕێز (د.صباح رشید ) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا وتی : كردنەوەی خولی لەم جۆرە بۆ فەرمانبەران زانكۆ بەپێویستی دەزانم ، هیواردارم لەسەرجەم بوارە جیاوازەكان خولی لەم جۆرە بكرێتەوە نەك هەر تەنیا بۆ فەرمانبەران بەڵكو بۆ خوێندكارانیش، بەئامانجی پاك ڕاگرتنی ژینگەی زانكۆمان و تەندروستییەكی سەلامەت بۆ هەموو لایەكمان .
لەبارەی ئامانجی كردنەوەی خولەكە ئاسۆ شكاك بەرپرسی ڕێكخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە وتی : ئامانجی ئێمە لەكردنەوەی ئەم خولە هۆشیاركردنەوەی فەرمانبەرانی زانكۆ و تاكەكانی كۆمەڵگایە، تا لەم ڕێگەیەوە هەم ژینگەی زانكۆكان و هەم ژینگەی وڵاتمان بپارێزین، لەكۆتاییدا بڕوانامەی بەشداریكردن بەخشرایە سەرجەم فەرمانبەرانی بەشداربوو لە خولەكە.
ڕێكخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە لەساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە ، ئەم ڕێكخراوە هەمامەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی هەیە ، پێشوتر خولی لەم جۆرەی لەچەند زانكۆیەكی تری هەرێمی كوردستان كردوووەتەوە.