University of Raparin Logo

ناڕەزایی خوێندنی ئێوارانی زانکۆی ڕاپەڕین بەرامبەر بڕیارێکی وەزارەتی دارایی

چاپکردن ئیمەیڵ

 دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەنوسراوییان ژمارە 9/10/10729 لە بەرواری 11/12/2014 نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە کە لە بڕگەی 2 دا هاتووە ، سەرجەم خەرجییەکان لەسەر داهاتی خوێندنی ئێواران ڕادەگیرێت و لە بڕگەی چواری هاتووە بۆ رەزامەندی هەر خەرجییەک بۆ بەڕێوەبردنی خوێندنی ئێواران پێویستە رەزامەندی بەڕێز وەزیری دارایی وەربگیرێت. 

وەک نارەزایی بەرامبەر ئەو بڕیارە بەشی خوێندنی ئێوارانی زانکۆی ڕاپەڕین یاداشتنامەیەکیان ڕاگەیاند.

 

دەقی یاداشتنامەکە

بۆ بەڕێز / سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بۆ بەڕێز / سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
بۆ بەڕێز / وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
بۆ بەڕێز / وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
بۆ بەڕێز / وەزارەتی پەروەردە بابەت / یاداشت
وەک لای بەڕێزتان روونە پڕۆسە و کەرتی پەروەردەی هەموو کۆمەڵگایەک کەناڵێکی گرنگی گەشەپێدانە ، بەو پێیەش پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان وێڕای لێکنانی پێلوی چاوەکان لەئاست تێبینی و سەرنجی جددی لەسەر کۆی پڕۆسەی پەروەردە لەهەرێمی کوردستان هەنگاوی بەرچاو و زانستی ناوە ، لەومیانەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە توانی لەسەرەتای ساڵی 2012 – 2013 بڕیاری کردنەوەی کۆلیژەکانی پەروەردەی بنەڕەت بدات بۆ خوێندنی ئێواران، بۆ سەرجەم ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە لەقۆناغی بنەڕەتی لەوەزارەتی پەروەردە پیشەی مامۆستاییان هەیە و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس نین ، لە قۆناغە سەختەکانی ئەزموونی حکومڕانی کوردستان خزمەتێکی بەرچاوو فیعلیان کردووە بەپڕۆسەی پەروەردە ، بۆیە ئەوەبوو سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەو پەڕی گیانی بەرپرسیارەتیەوە پێشوازیان لەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد ، دەرگای پاڵاوتنیان کردووە لەسەرجەم زانکۆکان ، لە ناویشیان دا ئێمە وەکو زانکۆی راپەرین شان بەشانی سەرجەم زانکۆکانی کوردستان خزمەتێکی گەورە و بەرچاون کردووە بە سەرجەم مامۆستایانی سنورەکەمان.
بەڕێزان دەمانەوێ بیری بەڕێزتان بخەینەوە هەر لەسەرەتای کردنەەوەی کۆلێژەکانی ناوبراو بۆردێکی باڵای کۆلێژەکانی پەروەردەی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە بە سەرۆکایەتی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی ، ئەندامیەتی سەرجەم ڕاگرەکانی کۆلێژی بنەڕەت، نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری و نوێنەری وەزارەتی پەروەردە ، بۆیە ئەو بۆردەی سەرەوە هەڵسا بەدانانی مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتن و ڕێنماییە داراییەکان بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ناوبراو ، بە ئاگاداری وەزارەتی مالیە و رەزامەندی وەرگیرا لەسەر کۆی رێنماییەکان ، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابوو هیچ ئەرکێکی دارایی ناگرێتە ئەستۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆلیژەکانی سەرەوە ، بۆیە کە ئێستا پێمان ناوەتە ساڵی سێیەم ، سەرجەم خەرجیەکانی خوێندنی ئێواران لەو داهاتەبووە کە ئێمە لە خوێندکارەکانمان وەردەگرین ، ساڵانە بەبڕی(600،000 ) دیناری عیراقی و جێگای ئاماژەپێکردنە ، ئیداعکردنی داهاتەکانمان و خەرجیەکان بەپێ رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و لەژێر چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان دابووە بەڵام بەداخەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەنوسراوییان ژمارە 9/10/10729 لە بەرواری 11/12/2014 نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە کە لە بڕگەی 2 دا هاتووە ، سەرجەم خەرجییەکان لەسەر داهاتی خوێندنی ئێواران ڕادەگیرێت و لە بڕگەی چواری هاتووە بۆ رەزامەندی هەر خەرجییەک بۆ بەڕێوەبردنی خوێندنی ئێواران پێویستە رەزامەندی بەڕێز وەزیری دارایی وەربگیرێت ، سەرنجەکانمان لەسەر چەند خاڵێک کورت دەکەینەوە: 1.  وێڕای سەرنجمان لەسەر کۆی ناوەڕۆکی نوسراوەکە پێشوازی لە هەربڕیارێکی حکومەتی هەرێم دەکەین ، بەمەبەستی ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجی لەسەر بودجەی تەشغیلی حکومەتی هەرێم، بەڵام دەبێت ئەو بڕیارە بەدیراسەو لێکۆلێنەوەی زانستی بدرێت. 2.  وەکو لەخاڵی سەرەوە ئاماژەمان پێکرد کەمکردنەوەی خەرجی و کۆکردنەوەی داهاتی گشتی بەبۆچوونی ئێمە دەبێت لەخاڵی دەستپێک لەسەر شەفافکردنی نەوت و کۆکردنەوەی سەرجەم داهاتە نیشتیمانیەکان بکات ، نەک کردنە ئامانجی پەروەردە و خوێندنی باڵا . 3. یەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی هەر دامەزراوەیەکی زانستی سەربەخۆ بوونیەتی لەڕووی زانستی و دارییەوەیە بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکابینەی شەشەمی دا کاری زۆر جددی کرد لەسەر فراوانکردنی سنوری دەسەڵاتەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڵام ئەوەی بەڕێز وەزیری دارایی کردویەتی لە %100 پێچەوانەی ئەو هیڵە گشتیەیە کە دەمێکە نەخشەی بۆ دەکێشین و کاری بۆ دەکەین وە پێچەوانەی ئەو دروشمە زەقانەیە کە لەچەند ساڵی ڕابردوو زاکیرەی هەموو تاکێکی کوردی پڕ کردبوو کە دەبێ کار لەسەر سیستەمی لامەرکەزی ئیدارە بکرێت بەڵام نەک ئەوە لامەرکەزیەت نیە بەڵکو لە %100 مەرکەزیەت و پاوانکردنی شتەکانە. 4.  تەداخولکردن لە پڕۆسەی خوێندنی باڵا بەبێ راوێژکردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار سەرەتایەکی خراپی حکومڕانیە لە هەرێمی کوردستان . 5.  ئاماژە بە نوسراوی وەزارەتی دارایی کە لەبڕگەکان باس لە نوسینگەی راوێژکاری و سەنتەرەکانی زمانی کردووە بەهۆی ئەوەی کە ستاف و مامۆستایانی ئەم سەنتەرانە لەسەر میلاکی وەزارەتن وە وەزارەت خۆی خەرجییان بۆ دابین دەکات، دەکرێت ئەم بڕیارە بۆ ئەوان جێبەجێ بکرێت ، بەڵام لە خوێندنی ئێواران لەسەرەتای کردنەوەی ئەم جۆرە خوێندنە وەزارەتی دارایی هیچ ئەرکێکی دارایی نەگرتۆتە ئەستۆی خۆی ، بەڵکو سەرجەم خەرجیەکانی ئەم جۆرە خوێندنەدابین دەکرێت لەو بڕە پارەیەی کە مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندنیان دەیدەن ، واتە بۆ خۆمان خەرجی خۆمان دابین دەکەین.