University of Raparin Logo

کار بۆ تەواوکردنی ماستەرپلانی زانکۆی ڕاپەڕین دەکرێت

چاپکردن ئیمەیڵ

زانكۆی ڕاپەڕین ناوەندێكی زانستی و ئەكادیمی تازە دامەزراوە ، ستافی زانكۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەهەوڵی بەردەوامدان لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكە لە بوارە زانستیەكان ، بەئامانجی ئامادەكردنی نەوەیەكی نوێی خوێندكاران كە بە توانابن و ئاشنابن بە زانست و تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی سەردەمیانە.
زانكۆی ڕاپەڕین لەئێستادا لەچوار فاكەڵتی و یەك سكوڵ پێكدێت ، فاكەڵتی زانست و فاكەڵتی پەروەردەی بنەڕەت و فاكەڵتی زانستە مرۆڤایەتیەكان و فاكەڵتی پەروەردە – قەڵادزێ و سكوڵی پەرستاری ،ئەم زانكۆیە دەوامی خوێندنی ئێوارانی تێدا دەكرێت، تا ئێستا زانكۆی ڕاپەڕین سێ‌ خولی دەرچووانی هەبووە و خوێندنی باڵا لەم زانكۆیەدا كراوەتەوە .
زانكۆی ڕاپەڕین لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا لە فراوانبوون و گەشەسەندنی بەردەوامدایە ، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پڕۆژەی گرنگ و بایەخدار لە زانكۆدا جێبەجێ كراون و هەندێكیان لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێ كردندان .

سەبارەت بەو پڕۆژانەی كە لەزانكۆی راپەڕین ئێستا كاریان تێدا دەكرێت یاخود لەپلانی جێ‌ بەجێ‌ كردندان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەو پڕۆژەكان لە سەرۆكایەتی زانكۆ ئەحمەد رسول بۆسایتی زانكۆ ووتی : لە ئێستادا كۆمەڵێك پڕۆژەی بەردوام كاریان تێدا دەكرێت وەكو پڕۆژەی سەرۆكایەتی زانكۆ بە بڕی حەوت ملیار دینارە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانە، نزیكەی (60-65%) كارەكانی پرۆژەكە جێ‌ بەجێ‌ كراوە و ئێستا لەقۆناغی كۆتایی دایە،تەواوبوونی پرۆژەكە دەكەوێتە كۆتایی مانگی 3 ی 2015 وە ،ئەم پڕۆژەیە لەلایەن كۆمپانیای (كێستە)وە جێبەجێ دەكرێت .


پڕۆژەیەكی دیكەمان دروستكردنی بینای كۆلێژی زانست و زانستە پزیشكیەكانە، كەئێستا كاری تێدا دەكرێت و لەسەر بودجەی پتڕۆ دۆلارە (بودجەی پەرەپێدانی زانكۆكان)،ئەم پڕۆژەیەمان لەلایەن كۆمپانیای (دەلۆ )وە جێبەجێ دەكرێت گوژمەی پڕۆژەكە هەشت ملیۆن دۆلارە لە ئێستادا نزیكەی (45-50%) كارەكانی تەواو بووە، پێشبینی دەكرێت لەناوەڕاستی ساڵی 2016 ئەم پڕۆژەیە تەواو بێت.


بەشە ناوخۆییەكان لە قۆناغی كۆتایی كارەكانیدایە
بەڕێوەبەری ئەندازەو پڕۆژەی زانكۆ ووتیشی : بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی خوێندكارانی درەوە و دروستبوونی گرفتی نیشتەجێبوونیان ،بەئامانجی چارەسەركردنی ئەم گرفتە بەشە ناوخۆییەكی نوێ لە ڕانیە دروستكراوە، بە بودجەی (نۆ) ملیار دینار جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت،لەلایەن كۆمپانیای (ئازار و ئاكنجلەری)توركی سەرپەرشتی دەكرێت ،ئەم پڕۆژەیەشمان گەیشتووەتە قۆناغی كۆتا ،پێشبینی دەكرێت لەم مانگەدا تەواوبێت و ساڵی نوێی خوێندن بتوانرێت خوێندكارانی بچنە ناو .
بەهەمان شێوە پڕۆژەی بەشە ناوخۆیی دیكەمان لەقەلادزێ هەیە ،بڕی تێچوونەكەی نزیكەی (نۆ) ملیار ملیۆن دینارە، ئێستا تەواو بووە و پڕۆژەكە وەرگیراوە،لەلایەن كۆمپانیای (تەكیماش)ی توركیەوە جێبەجێ دەكرا.


پلانی زانكۆ بۆ ساڵی داهاتوو
سەبارەت بەپلانی زانكۆ بۆ ساڵی داهاتوو ئەحمەد رسوڵ ڕوونیكردەوە: ئێمە پلانی پڕۆژەكانی ساڵی داهاتوومان ناردووە بۆ وەزارەت،لەم پلانەدا بڕی (12) دوانزە ملیار دینارمان تەرخانكردووە بۆ رێگاوبان و ئاو ئاوەڕۆ و باخچەكان و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی زانكۆمان، لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا چەند پڕۆژەیەكی تری بچوكمان هەیە وەك دروستكردنی بنكەی تەندروستی زانكۆ و بینای تۆمارگای گشتی و بنكەی پۆلیسی زانكۆ و كۆگای ناوەندی و خەزانی گشتی ئاو بۆ هەموو كەمپەكە و سیاج (شورا) كردنی كەمپی نوێی زانكۆمان، ئەمانە سەرجەمیان پلان و پڕۆژەی ساڵی داهاتوومانن، كە تاڕادەیەك پەیوەستن بە چارەسەری ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوەتەوە .

 

 نوسینی : ئەیوب محمد

 وێنە       : محمد عبداللە