ڕاگەیاندنی زانکۆ
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٧/ ١٢ / ٢٠١٤ لەزانكۆی ڕاپەڕین بەبۆنەی ساڵوەگەڕی هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان و ڕێزگرتن لەكەس و كاری سەربەزی شەهیدانی ناوچەكە، زانكۆی ڕاپەڕین وەك وەفایەك بەرامبەر بەو پۆلە شەهیدەی كە لەجەنگی دژ بەتاریكی و تیرۆر و تۆقاندن شەهیدبوون مەراسیمێكی شایستە ڕێكخرا .
سەرەتای مەراسیمەكە بەساتێك وەستان بۆگیانی پاكی شەهیدان و هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەگەڵ سرودی نەتەوەیی كورد(ئەی ڕەقیب) دەستی پێكرد .
دواتر بەڕێز (پ.د.محمد علی عبداللە) سەرۆكی زانكۆی ڕاپەڕین وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووانی مەراسیمەكە كرد، لەوتەكەیدا سەرۆكی زانكۆ باسی لەگرنگی و پیرۆزی ئاڵای كوردستان كرد ،كە وەك هیمایەكە بۆ سەروەری میللەتی كورد و سەبەرزی شەهیدەكانمان،هێمایەكە بۆ ئاسودەیی گیانی ئەنفالكراوان و كیمیابارانكراوان، هێمای فرمێسكی دایكی شەهیدان و باوكی جگەر سوتاوی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانمانە .
سەرۆكی زانكۆ لەدرێژەی وتەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ئێستا خاكی پیرۆزی كوردستان ڕووبەڕووی شەڕێكی نەخوازراوی داسەپێنراو لەلایەن تیرۆرستانی داعش بۆتەوە، كە دەیانەوێت بەر بەگەشەسەندن و ئاوەدانی كوردستانی ئازیزمان بگرن و بەرەو سەدەكانی ناوەراست بیگەڕێننەوە، بەلاَم برا پێشمەرگەكانمان جوامێرانە و گیان لەسەردەستانە ڕووبەڕوویان بونەوە.
پاشان بەڕیز (د.ئاراس عبدالرحمن) لێپرسراوی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و چالاكی هونەری زانكۆ هۆنراوەیەكی بەسەر ئاڵای پیرۆزی كوردستاندا خوێندەوە.
لەكۆتایی مەراسیمەكەدا بڕوانامەی وەفا بەسەر كەس وكاری سەربەرزی شەهیدانی ناوچەكە دابەشكرا.