لەرۆژانی ٩-١٠/٢ / ٢٠١٥ ، لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەڵاحەدین لەشاری ھەولێر بەھەماھەنگی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەلایەن رێکخراوی IREXی ئەمریکییەوە وۆرکشۆپێک بۆ بەجیھانیکردنی کەمپوسی زانکۆ حکومییەکانی کوردستان رێکخرا.
سەرلەبەیانی رۆژی ٩/٢، بەئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی و کونسوڵی ئەمریکا لەھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی کوردستان و ستافی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی زانکۆکان وۆرکشۆپەکە دەستیپێکرد. سەرەتا د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێم سوپاسی کونسوڵگەری ئەمریکاو ستافی رێکخراوی IREXی کرد کە لەماوەی رابردووداو لەبارودۆخی ئێستای عێراقیشدا بەردەوامن لەھاوکارییەکانیان بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەروەک لەوتەکانیدا ئاماژەی بەگرنگی و کاریگەری جیھانگیری کرد لەسەر پرۆسەی خوێندن و بەجیھانیکردنی ناوەندەکانی خوێندن و بەتایبەتیش زانکۆکان، وتیشی: جیھانگیریی و بەنێودەوڵەتیبوونی زانکۆکانی کوردستان دەرفەتی زیاتر بۆ توێژەران دەرەخسێنێت، ھەربۆیە داوای لەستافی پەیوەندییەکانی زانکۆکانی کوردستان کرد کە ھەوڵی زیاتر بدەن بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆکان و دروستکردنی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ زانکۆکانی دەرەوەو لەو پێناوەشدا وەزارەت ھاوکاری تەواوی زانکۆکان دەکات. لەمیانی دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا کونسوڵگی ئەمریکا لەھەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەشکردو تێیدا دەستخۆشی لەستافی IREX کردو خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بەوەھا پڕۆژەیەک کە ھاوکاردەبێت بۆ بەجیھانیکردنی زانکۆکانی کوردستان، ھەروەک وتی: ئێمە خۆشحاڵین کە ژمارەیەک زانکۆی ئەمریکی لەئەمریکا پەیوەندیی زانستیان لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان ھەیە، دواتریش ئاماژەی بەچەند پڕۆگرامێک کرد کە خوێندکارانی کوردستان دەتوانن لێی سوودمەندبن کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراقەوە پارەیان بۆ تەرخاندەکرێت. ھەروەھا، لەوۆرکشۆپەکەدا چەندین بابەتی گرنگ دەربارەی شێوازو رێگاکانی بەجیھانیکردنی زانکۆکانی کوردستان تاوتوێکران، کە لەلایەن چەند پرۆفیسۆرێکی ئەمریکییەوە پێشکەشکران. شایانی باسە وۆرکشۆپەکە دوو رۆژی خایاندو ستافی پەیوەندییەکانی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی کوردستان بەشداریان پێکراو لەدوا رۆژیشدا بڕوانامەی بەشداربوون بەئامادەبووان بەخشرا، ھەروەھا ستافی پەیوەندییەکانی زانکۆی راپەڕین بەشداریان لەوۆرکشۆپەکەدا کرد.