ئەمڕۆ ٥/٣ / ٢٠١٥ ، بیست و چوارهەمین ساڵڕۆژی راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ١٩٩١یە، كە راپەڕینێكی سەرتاسەری و وەرچەرخانێكی مێژووی دروستكرد لەژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی و شارستانی و حكومڕانی كورد لەباشوری كوردستان.
یەكەم بڵێسەی ئەم راپەڕینە مەزن و چارەنووسسازە لەشاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە چەخماخەی لێدرا، كە لەو زەمەنەدا ناوچەكە بوو بووە سەنتەرێكی گرنگی شۆڕشگێڕی و هەر لەمێژووی كوردستانیشدا دەڤەری راپەڕین یەكێك بووە لەو ناوچانەی كە پڕ شۆڕش بووەو هەر لەسەردەمی داگیركاری ئینگلیزەكان لەجەنگی جیهانی یەكەمەوە ئەم شارە بەرهەڵستكاری داگیركاری و زۆرداری بۆتەوەو دوژمنانیان وەدەرناوە لەخاك و نیشتمان، بۆیەشە دەڤەرەكە بەتایبەت شاری رانیە شانازی ئەوەی پێدراوە كە بەدەروازەی راپەڕین بانگ بكرێت و ببێت بەدەروازەی وەرچەرخانێكی گرنگی حكومڕانی كورد.
ئەم راپەڕینە كە لەماوەی ٢١رۆژدا توانی لەرانیەی دەروازەوە تا كەركوكی قودسی كوردستان رزگار بكات، دەستكەوتێكی گرنگی مێژوویی بوو، بێگومان كورد سەدان ساڵ بوو بەردەوام بوو لەبەرخۆدان تا سەرئەنجام سەركەوتنە گەورەكەی لەبەهاری ١٩٩١بەدەستهێناو راپەڕینەكەی توانی سەرجەم شارەكانی كوردستان رزگار بكات.
بێگومان راپەڕین، چەندین دەستكەوتی گرنگی هەبوو، لەهەموویان گرنگتر رزگاركردنی باشوری كوردستان بوو. هەروەها پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان و گشت دامودەزگاكانی كوردستان، بەرهەمی خوێنی شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و شەهیدانی راپەڕینن.
زانكۆی راپەڕین وەك دامەزراوەیەكی ئەكادیمی كە لەسەردەمی كابینەی (٦)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەساڵی ٢٠١٠ دامەزرێنرا، بەرهەمی خوێنی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستانە بۆ شاری رانیەو سنوری ئیدارەی راپەڕین بەگشتی، هەروەك لەو تەمەنە كەمەدا سەرەڕای 2 ساڵی پڕ لەقەیرانی دارایی و ئەمنی و سیاسیی، زانكۆی راپەڕین توانیویەتی چەندین هەنگاوی گرنگ بنێت، و ژێرخانێكی گرنگی مەعریفی و زانستی بۆ كوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش بۆ سنوری راپەڕین بنیات بنێت، هەروەك لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا توانراوە زانكۆی راپەڕین بەسەدان پەیوەندی گرنگ دروست بكات و بەشداری چەندین پڕۆگرامی گرنگی نێودەوڵەتی بكات و لەماوەی تەنیا چوار ساڵدا لەلایەن حكومەتی بەغداو رێكخراوی یونیسكۆو یەكێتی زانكۆكانی جیهانەوە بەرەسمی دانی پێدابنرێت و بخرێتە لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانەوە.
هەروەك دروستكردنی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ دانیشتوانی سنورەكەو هیواخوازین لەیادی زیوینی راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ١٩٩١دا واتە لەبەهاری داهاتوودا رانیە خۆی بۆ بەپارێزگا بوون ئامادە بكات و پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش هاوكاری جدی شارەكەبن بۆ بوون بەپارێزگا.
نەتەوەی كورد كە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتەو بەسەدان ساڵە بەردەوامە لەشۆڕش و بەرخۆدان و بەرنامەی ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤی كردۆتە دروشمی خۆی، هەرگیز شارەكانی، خاكەكەی، نەتەوەكەی، رادەستی دەستی رەشی تیرۆریستان و گروپە نا مرۆڤایەتییەكانی وەك داعش و هاوشێوەكانی ناكات، و بگرە كورد لەم قۆناغەدا بەهاوكاری هێزی هاوپەیمانان لەبری هەموو جیهان شەڕ بۆ مرۆڤایەتی دەكات، شەڕ بۆ ئازاد و بۆ رێزگرتن لەمرۆڤ دەكات.
لێرەوە سڵاوی شۆڕشگێڕانە، سڵاوی خەباتگێڕانە بۆ خوێنی شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان بەگشتی و شەهیدانی راپەڕینە مەزنەكەی 5 ئازاری ١٩٩١دەنێرین، كە بەخوێنی گەشیان حكومەت و پەرلەمان و كوردستانی سەربەخۆیان بنیاتنا.
بژی كورد، بژی پێشمەرگە، هەزاران سڵاو لەشەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان
پ. د. محمد علی عبداللە
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین