رۆژی سێ شەممە ٣/ ٣ / ٢٠١٥، لەھۆڵی چالاکییەکان، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان ، ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری زانکۆی راپەڕین دیدارێکی کراوەی لەژێر ناونیشانی دیداری گەشەپێدانی راپەڕین رێکخست، کە تێیدا رێژەیەکی زۆری مامۆستایانی زانکۆی راپەڕین و بەرپرسانی ئیداری و ڕۆشنبیران و چالاکوانانی دەڤەرەکە بەشداریان تێدا کرد.
لەدیدارەکەدا چەندین پێشنیاز و بیرۆکەی گرنگ لەلایەن بەشداربووانی دیدارەکە خرانەڕوو و ئاڵوگۆڕکران، بەشێوەیەکی گشتی پێشنیاز کرا کە یادکردنەوەی راپەڕین وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی گرنگی زیاتری پێبدرێت و زانکۆش وەک ناوەندێکی گرنگی ئەکادیمی لەسنورەکەدا کە بەرھەمی راپەڕینە مەزنەکەی ٥ی ئازاری ١٩٩١ کە لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە سەریھەڵدا، دەکرێ بەشداری کاراتری ھەبێت و بتوانێت یادی راپەڕین بەزانستی بکات. ھەروەک ئەوەشخرایەڕوو کە زانکۆی راپەڕین بۆ ساڵی ئایندە بەرنامەی ھەیە کۆنفرانسێکی زانستی بۆ بەزانستیکردن و ناساندنی زیاتری راپەڕین بکات.