University of Raparin Logo

پرۆژەی "سەنتەری گەشەپێدانی کار" دەستی بەکارەکانی کرد

چاپکردن ئیمەیڵ

رۆژی 2015/04/08، لەدیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو بەئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی سەنتەرەکانی گەشەپێدانی کار لە زانکۆ حکومیەکان کوردستان و راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو راوێژکاری جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەت و نوێنەری رێکخراوی IREX ھەنگاوی یەکەمی پرۆژەی کاراکردنی سەنتەری گەشەپێدانی ھەلی کار لەزانکۆ حکومیەکان دەستیپێکرد.

د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید راێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا لەوتەیەکی کورتدا پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە لەبەڕێوەبەری سەنتەرەکانی گەشەپێدانی کار کرد لەزانکۆ حکومییەکانی کوردستان و ھەموو ھاوکاری و پشتگیرییەکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیشی بۆ دووپاتکردنەوە لەپێناو سەرکەوتنی پڕۆژەکەدا. ھەروەک ئاماژەی بەرۆڵی گرنگی ئۆفیسی جێگری سەرۆکی حکومەت و رێکخراوی IREXی ئەمریکی کرد کە ھاوکارو ھەماھەنگ دەبین بۆ پرۆژەکەو کە لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتیشەوە پرۆژەکە کاری زۆری لەسەر کراوەو بەھاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پرۆژەکە ھەموارکراوە.
ھەروەک لەرێگەی سکایپەوە بەڕێوەبەری پرۆژەکە خاتوو لۆری ماسۆن بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد لەئەمریکاوەو سیمینارێکی لەسەر شێوازی کارو گەشەپێدانی سەنتەری گەشەپێدانی کار بۆ زانکۆ حکومیەکانی کوردستان پێشکەشکردو دووپاتیشیکردەوە کە لەداھاتوویەکی نزیکدا چەند راھێنانێک بۆ ستافی ئەو سەنتەرانە لەناوخۆو دەرەوەی کوردستان رێکدەخەن و بۆ ماوەیەکی درێژخایەنیش ھاوکاری ئەو پڕۆژەیە دەبن.
زانکۆی راپەڕین وەک یەکێک لەزانکۆ حکومیەکانی ھەرێمی کوردستان بەشدارە لەپرۆژەکەو لەئێستادا سەنتەری گەشەپێدانی ھەلی کار کراوەتەوە لەزانکۆی راپەڕین و لەلایەن (م.ی، ئاراز رەمەزان) سەرپەرشتی دەکرێت، کە ئامانجی ئەم سەنتەرە راھێنانی خوێندکارانی قۆناغەکانی (٣ -٤)ی سەرجەم بەشەکان دەبێت لەرێگەی وۆرکشۆپ و سیمینارو کۆنفرانسەوە بۆ بازاڕی کارو ھەروەک دۆزینەوەی کاریش بەشێکی دیکەی گرنگ دەبێت لەئەرکی سەنتەرەکە لەو پێناوەشدا لەئێستادا سەنتەرەکە لەھەوڵی دامەزراندنی داتابەیسێکی پەیوەندیدایە لەگەڵ گشت کۆمپانیاکانی کوردستان.