بڕیارە رۆژی 22/4/2015، لە117هەمین ساڵیادی دەرچوواندنی یەكەمین رۆژنامەی كوردی لەساڵی 1898داو لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان-ەوە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكان، راگەیاندن و چاپەمەنییەكان چەندین چالاكی رێكبخات و لەرۆژی 23/4/2015شدا كۆنفرانسێكی ئەكادیمی لەژێر ناونیشانی ( راگەیاندن و تێرۆر) رێكبخات.
لەرۆژی 22ی نیساندا چەندین چالاكی ئەنجامدەدرێن وەك كردنەوەی پێشانگایەكی فۆتۆگرافی، پیشاندانی فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر دەرچوواندنی یەكەمین رۆژنامەی كوردی بەناوی (كوردستان) كە لەلایەن راگەیاندن و رۆشنبیری زانكۆی راپەڕینەوە ئامادەكراوە، هەروەها بۆ بەپارێزگابوونی رانییە كۆمێنتی هاوشێوەی كۆمێنتەكانی پەرلەمانی كوردستان دەنووسرێن لەلایەن ئامادەبووان و خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆوە. هەروەك واشبڕیارە پێشانگایەكی خواردن بۆ فێرگەی كۆبانێ بكرێتەوە كە تێیدا منداڵانی فێرگەكە پێشوازی لەمیوانان دەكەن و خواردنیان پێدەفرۆشن و ئەو پارەیەش كە لەبری خواردنەكە وەردەگیرێت بۆ خەرجی فێرگەی كۆبانێ كە منداڵانی ئاوارەی كوردانی خۆرئاواو شەنگال تێیدا دەخوێنن.
لەرۆژی دووەمدا كە 23ی نیسانە كۆنفرانسێكی ئەكادیمی لەژێر ناونیشانی (راگەیاندن و تێرۆر) رێكدەخرێت، كە تێیدا لەلایەن كەسانی پسپۆڕ لەبواری راگەیاندن (6) سێمیناری ئەكادیمی پێشكەش دەكرێن.