University of Raparin Logo

وتاری سەرۆکی زانکۆ بۆ یادی ٢٤/٤ لەم شارو لەم خاکەدا - بەر لە (٤٠) ساڵ

چاپکردن ئیمەیڵ

بەر لە چل ساڵ لەم شارەو لەم خاکەدا خەڵکی شۆڕشگێڕی ئەم دەڤەرە باوەشیان بۆ زانکۆی سلێمانی کردبووەوە، کە تاکە زانکۆی شۆڕش بوو بەو ئومێدەی موژدەی ئاسۆیەکی رووناک بدات بە ناوچەکەو کوردستان بەگشتی. بەڵام سەد مەخابن لەبەرەبەیانی رۆژی ١٩٧٤/٤/٢٤شارو زانکۆ کەوتنە بەرشاڵاوی دڕندانەی بەعسی عەفلەقی بەچەکی قەدەغەکراوی ناپاڵم و چەندین مامۆستاو خوێندکارو فەرمانبەرو بەسەدان ھاووڵاتی شارە خۆڕاگرەکەی قەڵادزێ شەھیدکران و بەسەدان کەسیش برینداربوون،

کە ئەمەش زامێکی قوڵی پڕ لە ناسۆرە کە ھەرگیزاو ھەرگیز لەبیرناچێتەوەو  ھەموو ساتێک لەدڵی خەڵکی ئەم شارە قارەمانەدا بۆتە برینێکی ساڕێژنەکراو، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە دووبارە لەرۆژی١٩٨٢/٤/٢٤ ،  وەک وەفایەک بۆ نەمری ئەو شەھیدانەو رێگری لەتاوان و خۆێن ڕێژی زیاتر لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری ئەو سەردەمە بتەقنەوە بەڕووی داگیرکەرانداو راپەڕین-یان ئەنجامداو راپەڕینەکەش تەشەنەی سەندو ھەموو کوردستانی گرتەوەو گەیشتە زانکۆی سەلاحەدینیش لەشاری ھەولێر. ھەروەک لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری بەعسەوە لەم راپەڕینەشدا چەندین ھاووڵاتی شەھیدو بریندار کران.
ئەمڕۆ لەم رۆژەدا، کە ساڵیادی ئەو دوو کارەساتە دڵتەزێنە دەکەینەوە، دەبێ دەست و مەچەکی پڕ چەکی پێشمەرگەکان بگوشین، کە سەنگەریان لەدوژمنانی گەلەکەمان گرتووەو شانیان کردۆتە قەڵغانی پارێزگاریکردن لەنیشتمانی کوردستان، و بۆ گەڕانەوەی خاکی زەوتکراومان تۆڵەی پڕ لەخوێن و کارەسات کە بەرامبەر گەلەکەمان و مرۆڤایەتی کراوە دەکەنەوە.
ئێمەش وەک زانکۆ دەبێت بەردەوامی بەڕەوتی زانست و پەروەردە بدەین، لەم دەڤەرەدا تا زانکۆ تیشکۆی زانستی بۆ خزمەت بگەیەنێتە ھەموو کوردستان. و ھەر بۆ رێزگرتنیش لە قوربانیانی ٤/٢٤، حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ئەو رۆژەی بەرۆژی شەھیدی زانکۆ ناساندووەو ساڵانە بەمەراسیم یادی دەکرێتەوە. زانکۆی راپەڕینیش بۆ رێزگرتن لەم یادە کارەساتبارەو رێزگرتن لەگیانی شەھیدانی ٤/٢٤، رۆژی یادی دروستبوونی زانکۆی خستۆتەوە ئەم یادە پیرۆزەوە بە ئومێدی ئەوەی ببێتە مژدەبەخشی رۆژێکی رووناکتر بۆ ئەم دەڤەرە.
باشادبن گیانی پاکی شەھیدان، بەتایبەت شەھیدانی کارەساتی قەسفی قەڵادزێ و راپەڕین و گشت شەھیدانی شەڕی تێرۆر کە بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە لەسنورەکانی کوردستان، ھەرشادبێت رۆحی سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان. شەکاوەو سەربەرزبێت ئاڵاکەمان.                                                                                                                                                                                  پ.د. محمد علی عبداللە
                                                                                                                                                                                سەرۆکی زانکۆی راپەڕین