University of Raparin Logo

زانکۆی راپەڕین ١١٧ هەمین ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی بەرز ڕادەگرێت

چاپکردن ئیمەیڵ

رۆژی چوار شەممە ٢٢/ ٤ / ٢٠١٥، ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری زانکۆی راپەرین لە هۆڵی چالاکیەکانی زانکۆ بە دروشمی (لەپایتەختی ئازادییەوە بۆ ماندوبونی بەدرخانییەکان)، مەراسیمێکی شایستەی بەبۆنەی ١١٧هەمین ساڵوەگەڕی دەرچونی یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی (کردستان) رێکخست.

سەرەتای مەراسیمەکە بە پێشکەشکردنی وتەی سەرۆکایەتی زانکۆ لەلایەن بەڕێز د. هێرش رسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ دەستیپێکرد، لە وتەکەیدا د.هێرش باسی لە دەرچونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی کردستان لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانیەکانەوە لەو بارودۆخە هەستیارو نالەبارەدا کرد ، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە دەرچونی ڕۆژنامەی کردستان بووە هۆی هێنانەکایەی قۆناغێکی جیاواز لە مێژووی وشەو مێژووی سیاسی کوردیدا، هەروەها وتیشی هیوادارین ئەم یادە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنی کوردی لە هەریمی کوردستاندا بەئاراستەیەکی باشترو بەرپرسانەو پیشەییانەو پرۆفیشناڵانەتر بچێت.

دواتر فیلمێکی دیکۆمێنتاری مێژووی لەسەر ڕۆژنامەگەری کوردی لە کاتی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کردستان تا ئەمڕۆ پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

دوای ئەوە سوپاسنامەی زانکۆی ڕاپەرین بەخشرایە  سێ کەسی دیاری بواری ڕاگەیاندنی سنوری ئیدارەی راپەڕین، هەروەها بڕوانامەی بەشداربوون بەخشرایە بەشداربووانی خولێکی ڕاگەیاندنی سێ رۆژە کەلەلایەن ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری زانکۆوە کرابووەوە.

پاشان مۆمی ١١٧ هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی لەلایەن یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆو ئەندامانی ئەنجومەن و میوانانی بەشداربووی مەراسیمەکە هەڵکرا.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ فۆتۆگرافەری دیاری ناوچەکە بەڕێز (ئەحمەد مام کاک) کرایەوە کە تیایدا کۆمەڵێک وێنەی سروشت نمایشکرابوون، هەروەها فیرگەی پێشوازی کۆبانێ پێشانگایەکی خواردنی کوردەواری کردەوەو داهاتی پێشانگاکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی خوێندنگای منداڵانی کۆبانێ تەرخاندەکریت.