بەشی جوگرافیا لەفاكەڵتی زانستەمرۆڤایەتییەكانی زانكۆی ڕاپەڕین بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین ڕۆژی دووشەممە ٢٧/ ٤ / ٢٠١٥، لە هۆڵی چالاكیەكانی زانكۆ، زنجیرەیەك سیمیناری زانستی ژینگەیی و هەڵمەتی نەمام چاندن و كردنەوەی پێشانگای وێنەیی ژینگەیی ئەنجامدا.
سەرەتا بە ساتیك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان دەستیپێكرد .
وتەی سەرۆكایەتی زانكۆ لەلایەن بەڕێز د.موفق خالد ئیبراهیم ڕاگری فاكەڵتی زانستەمرۆڤایەتییەكان پێشكەشكرا، لە وتەكەیدا د.موفق خالد باسی لەوەكرد كەزانكۆ وەك دەزگایەكی زانستی لەپاڵ ئەوەی ئەركی وانە وتنەوەی لەئەستۆیە، ئەركێكی تری گرینگیدانەی بەو پرسانەی كە كاریگەرییان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە،بەتایبەتی قەیرانی ژینگەیی كە كاریگەریەكەی گەیشتۆتە ئەوەی چەندین لادێ و شارۆچكە لەسەرتاسەری جیهان چۆڵ بكرێن و چەندین نەخۆشی كوشندە سەرهەڵبدات.
دواتر حاكم صمد محمد سەرۆكی دەستەی ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و باسی لە بارودۆخی ژینگەیی كرد لەهەرێمی كوردستان،وتیشی پێویستە هەماهەنگی تەواو هەبێت لە نێوان زانكۆ لایەنەپەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی ڕۆڵێكی ئەرێنی ببینن لەئەنجامدانی توێژینەوەی چارەسەری بۆ بارودۆخی ژینگە و قەیرانی ژینگەیی لەهەرێمی كوردستان .
دوای ئەوە پێشكەشكردنی سیمینارەكان لەلایەن مامۆستایانەوە دەستیپێكرد، سیمینارەكانیش بەپێی كارنامەی چالاکیەکان بەسەر دوو كاتی جیاواز دابەشكرابوون .
دانیشتنی یەكەم لەكاتژمێر ١٠ ی سەر لەبەیانی دەستیپێكرد و سێ سیمینار پێشكەش كران .
سیمیناری یەكەم لەلایەن بەڕێز د.هەڵەت ڕەشید مامۆستا لەبەشی جوگرافی زانکۆی ڕاپەڕین بەناونیشانی (کاریگەری پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستی مرۆڤ) پێشكەشكرا.
سیمیناری دووەم لەلایەن بەڕێز د.هێرش رسول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین، دکتۆرا لە بواری ڕاگەیاندن بەناونیشانی (ڕاگەیاندن و هۆشیاری ژینگەیی) پێشكەشكرا.
سیمیناری سێهەم لەلایەن بەڕێز د. موفق خالد ئیبراهیم ڕاگری فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتیەکان بەناونیشانی (سیستەمی یاسایی پاراستنی ژینگەو بەرپرسیارێتی حکومەتە خۆجێییە ناوچەییەکان) پێشكەشكرا.
پاشان پێشانگایەکی شێوەکاری ژینگەیی بۆ هونەرمەندی شێوەکار (ئاکام ئیبراهیم) کرایەوە، پێشكەشكردنی سیمینارەكان لەلایەن مامۆستایانەوە بەردەوام بوو .
سیمیناری چوارەم لەلایەن د. سامان حسێن ئەحمەد مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەڕین بەناونیشانی (کاریگەری ڕووداوەکانی مێژوو لەسەر ژینگە) پێشكەشكرا.
سیمیناری پێنجەم لەلایەن بەڕێز م. ئەحمەد رفیق کریم بە ناونیشانی (حکومەت و پارتە سیاسیەکان و ڕۆڵیان لە پیسکردنی ژینگە ) پێشكەشكرا.
لە کۆتاییدا هەڵمەتی نەمام چاندن لە ناو کەمپەسی زانکۆو دوو سایدی بەردەم بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین کە زیاتر لە (٢٠٠) نەمام دابینکرابوو لەلایەن شارەوانی و کۆمپانیایی گایرێکس و زانکۆی ڕاپەڕینەوە.
ئامانجی ئەم چالاکیە :
لە ئەمڕۆدا جیهان بەشێوەیەکی گشتی دوچاری چەندین گرفتی ژینگەیی جۆراوجۆربووەتەوە. کە کاریگەری خراپ و نەرێنیان کردووەتە سەر مرۆڤ و زیندەوەرانی تر.
هەرێمی کوردستانیش وەک هەر هەرێمێکی تری جوگرافی بێبەش نەبووە لەو گیروگرفت و کاریگەرییە ژینگەییانە.
بەرگرتن لە گرفتەژینگەییەکان و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکان پێویستی بە هەوڵ و کارکردنی هەمەلایەنە هەیە و ئەرکێکی لە پێشینەی ئەکادیمیستان و زانکۆیە.