University of Raparin Logo

ڕۆژی شەهیدی زانکۆ و مەڕاسیمی ماتەمینی٢٤ / ٤ لەقەڵادزێ سازدەکرێت

چاپکردن ئیمەیڵ

به‌بۆنه‌ی یادی ٤١ ساڵه‌ی بۆردمانكردنی شاری قه‌ڵادزێ و ڕۆژی شەهیدی زانکۆ، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی ٢٤/ ٤/ ٢٠١٥ به‌ ئاماده‌بوونی سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و نوێنه‌ری حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و جه‌ماوه‌رێكی زۆری ده‌ڤه‌ری راپه‌رین مه‌راسیمێكی ماتەمینی فراوان له‌سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدانی قه‌ڵادزێ به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان ده‌ستی پێكرد .

دواتر وتاری سه‌رپه‌رشتیاری مه‌راسم و قائیمقامی قه‌زای پشده‌ر له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د خوێندرایەوه‌ و باسی لەبۆردومانی شاری قه‌ڵادزێ کرد كه‌ له‌ساڵی ١٩٧٤ دا به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ و زانكۆی سلێمانی كه‌ ئه‌وكات له‌ قه‌لادزێ بوو له‌لایه‌ن ڕژێمی لەناوچووی بەعس به‌ فڕۆكه‌ بوردومان كرا، له‌ ساڵی ١٩٨٢ له‌كاتی یادكردنه‌وه‌كه‌دا خه‌ڵكی پشده‌ر راپه‌ڕینێكیان له‌و شاره‌ به‌رپاكرد، پێویستە لەسەر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی له‌توانایدایه‌ بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیانی ئه‌و شاره‌ درێغی نه‌كات.

دوای ئەوە ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وتارێكی پێشكه‌شكرد و باسی قاره‌مانیه‌تی خه‌ڵكی پشده‌ری كرد، كه‌ له‌هه‌موو شۆڕشه‌كاندا قوربانی زۆریان داوه‌ و مێژووش شایه‌دی ئه‌و راستیه‌یه‌ .

پاشان له‌لایه‌ن تیپی مۆسیقای قه‌ڵادزێ سروودی ئه‌ی شه‌هیدان پێشكه‌شكرا .
دواتر  پەرلەمانتاران و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و نوێنه‌ری حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان تاجه‌ گوڵینه‌ی وه‌فایان له‌ سه‌ر گلكۆی شه‌هیدان دانا .

دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ سەرۆک وئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وەک رێزگرتن لە قوربانیانی ئەو شارە و لە نزیکەوە ئاگاداربون لە کێشەو گرفتەکانیقەزای پشدەر و رێکخستنەوەی سنوری قەزاکە لە بینای فاکەڵتی پەروەردەی قەڵادزێ کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا قایمقامی قەزای پشدەر راپۆرتێکی لە بارەی کەم و کوڕی و پێداویستییەکانی ناوچەکەوە پێشکەش کرد تا لەنزیکەوە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوێ لەداواکاریەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بگرن و بزانن گرفتەکانیان چین و ئەوەی بە ئەنجومەنی پارێزگا بکرێت چارەسەری بکەن و ئەوەی بەلایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت کێشەکانیان ئاراستە بکەن.
ھەر لەو کۆبونەوەیەدا ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاریدا لە رێگەی لیژنەیەکی یاساییەوە بەدوادا چون بکەن بۆ بە قەزا کردنی ناحییەی حاجیاوا و بڕیاریشدرا ھەردوو ناحییەی بنگردو خدران بخرێنە سەر ئیدارەی راپەرین .