بۆ پێشنیازکردنى ناونیشانى گونجاو بۆ دەرچوانى ئەو کۆلێژو پەیمانگانەى کە ناونیشانى وەزیفیان بەپێیى پسپۆڕى بڕوانامەکانیان نیە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەفرمانى وەزارەى لێژنەیەکى پێکهێنا.
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەڵێت: پێشتر ئێمە لە وەزارەتەوە نوسراومان ئاراستەى سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد, بۆ ئەوەى ئەو بەشانەمان بۆ دەستنیشان بکەن کە ناونیشانى وەزیفیان نیە, لە چەند ڕۆژى ڕابردودا وەڵامى سەرجەم زانکۆکان گەیشتنەوەى وەزارەت، لەو چوارچێوەیەشدا بۆمان دەرکەوت کە لە کۆى (٢٣) فاکەڵتى و کۆلێژ (٧١) بەش ناونیشانى وەزیفیان نیە، بۆیە وەزارەتەکەمان بە نوسراوى ژمارە (٨٧٦٨) کە لە ڕێکەوتى (٦/٥/٢٠١٥) بەئیمزاى د.یوسف گۆران وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە, بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەکى (٨) کەسى دا. وتەبیژى وەزارەتەکەمان ئەوەشى ڕونکردەوە ئەم لێژنەیە کار بۆ پێشنیازکردنى ناونیشانى وەزیفى گونجاو بەپێیى پسپۆڕى بڕوانامەکانیان بۆ دەرچوانى ئەو بەشانە دەکات, دواتریش پیشنیازەکان بەرزدەکرێنەوە بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، لەوێشەوە بەرزدەکرێتەوە بۆ پاڕلەمانى کوردستان بۆ ئەوەى چوارچێوەیەکى یاسایى بۆ دابڕیژرێت و بەیاسا ناونیشانى وەزیفى بەدەرچوانى ئەو بەشانە بدرێت.
لەماوەى ڕابردودا خوێندکارانى بەشەکانى (زانستە سیاسیەکان و کیمیاى ژیانى کلینیکى, مایکرۆ بایلۆجى پزیشکى....) خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داواى دیاریکردنى ناونیشانى وەزیفیان دەکرد بۆ ئەوەى باشتر دەرفەتى دامەزراندنیان بۆ برخسێت.