ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
لە میانەى پێشوازیکردنى لە سەرۆکى ئەنجومەنى زانکۆکانى جیهان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: لە ڕێگەى زانکۆکانەوە دەتوانرێت پردى بەهێزى ئاشتى و پێکەوە ژیان لە نێوان گەلان دروست بکەین.
لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتاى دیدارەکەدا د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى د. ئۆرهان حیکمەت ئۆغڵو سەرۆکى ئەنجومەنى زانکۆکانى جیهان خۆشحاڵى خۆى پیشاندا کە پەیوەندى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکانى تورکیا لەسەر ئاستى ئاڵوگۆڕى زانستى و مامۆستاو خوێندکارو کۆڕو کۆنفرانسى زانستى زیاتر بکەن, وتیشى زانکۆکانى تورکیا لەسەر ئاستى جیهان پێشکەوتنى بەرچاویان بەخۆیانەوە بینوەو ڕانکى ژمارەیەک لە زانکۆکان بەرز بۆتەوە, ئەوەش بۆ ئێمە لە کوردستان شتێکى گرنگە بۆ ئەوەى بتوانین پەیوەندییەکانمان زیاتر فراوان بکەین بەئامانجى بەرەوپێشبردنى زیاتر توانا زانستى و ئەکادیمیەکانى کوردستان, چونکە ژمارەیەکى زۆرى خوێندکارى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى تورکیا دەخوێنن.
وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى پێ ڕاگەیاندن: کە هەر پڕۆژەکیان هەبێت بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەت و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پشتگیرى دەکەن، وتیشى لە هەر شوێنێک زانکۆ پێش بکەوێت عەقڵى کۆمەڵگەش پێش دەکەوێ، بۆیە زانکۆکان عەقڵى کۆمەڵگەن، هەربۆیە ئێمە وەک گەلانى کورد و تورک و عەرەب کە دراوسێى یەکترین لە ڕێگەى زانکۆکانەوە دەتوانرێت پردى بەهێزى ئاشتى و پێکەوە ژیان لە نێوان گەلان دروست بکەین.
هەر لەو دیدارەدا کە سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ حکومى و تایبەتیەکانى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى زانکۆکانى عێراق هاوڕییەتییان دەکرد. د. ئۆرهان حیکمەت ئۆغڵو سەرۆکى ئەنجومەنى زانکۆکانى جیهان لە وتەیکدا دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییە گەرمەى لێکردن، ئاماژەى بەچۆنێتى دروستکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان کرد، ڕونیشیکردەوە کە ڕێکخراوەکەیان (١٥٠) زانکۆ لە (٢٠) وڵاتى لەخۆگرتوە، پێشبینیشى کردە کە بۆ کۆتایى ئەمساڵ ژمارەى ئەو وڵاتانەى کە زانکۆکانى دەبنە ئەندام لە ڕێکخراوەکەیان بەرز دەبێتەوە بۆ (٤٠) وڵات.
سەبارەت بەئامانجى سەردانەکەیان بۆ کوردستانیش, سەرۆکى ئەنجومەنى زانکۆکانى جیهان وتى: دەمانەوێ ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان و عێراق فراوان بکەین، هەر بۆیە لە دواى هەرێمى کوردستان بۆ هەمان مەبەست سەردانى بەغدادیش دەکەین، جگە لەوانەش ئامانجێکى یدکەى سەردانەکەیانى بۆ کوردستان ڕونکردەوە وتى: دەمانەوێ ڕێگە چارەى گونجاو بۆ کێشەى ئەو خوێندکارو مامۆستایانە بدۆزینەوە کە لە زانکۆکانى ژێر دەستى (داعش)ەوە ئاوارەى ناوچە جیاکان بون, ڕونیشیکردەوە لە کۆتایى سەردانەکەیاندا ڕاپۆرتێک بەرز دەکەنەوە بۆ سەرۆک کۆمارى عێراق و سەرۆک کۆمارى تورکیاو سەرۆکى هەرێمى کوردستان.
لە کۆتایشدا لەلایەن سەرۆکى ئەنجومەنى زانکۆکانى جیهان (International University Council) لۆگۆى ڕێکخراوەکەیانى پێشکەش بە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کرد.