ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان، پڕۆژەیەکی زانستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، کە وابڕیارە لەمانگی ئەیلولى ئەمساڵدا رابگەیەنرێت، لە گرینگترین پێوەرەکانى پرۆژەکەش بریتیە لە ژمارەو ئاستى توێژینەوەکان، رێژەى مامۆستاو خوێندکاران، ئاستى ژێرخانى زانکۆکان، بوونى سەنتەرەکانى توێژینەوە.
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئامادەکارییەکانی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان (حکومی و تایبهت) بەردەوامەو, ئێستا ئامادەکارى دەکرێت بۆ کۆکردنەوەى داتاکانى تایبەت بەم پڕۆسەیە دواتر لەناو سیستمێکى ئەلیکترۆنى شەفافدا پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان ئەنجام دەدرێت. واش بڕیارە لەمانگی ئەیلولدا بۆ یەکەمجار ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان ڕابگەیەنرێت.
سەبارەت بەپێوەرەکانی ڕیزبەندى نیشتمانی زانکۆکان، عەباس ئەکرەم ئەوەى ڕاگەیاند پێوەرەکانی ھەڵسەنگاندنی زانکۆکان هەمەچەشن، لەوانە (ژمارەو ئاستى توێژینەوەکان، رێژەى مامۆستاو خوێندکاران، ئاستى جێبەجێکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى خوێندن و فێرکردن، ئاستى ژێرخانى زانکۆکان، پرۆگرامەکانى خوێندن و ئاستى پەرەپێدانى، بونى سەنتەرەکانى توێژینەوە، ئاستى گۆڤارە زانستییەکان و چالاکى زانستى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى).
لەبارەى گرنگى جێبەجێ کردنى پرۆژەکە عەباس ئەکرەم وتى: گرنگی جێبهجێكردنی ئهم پڕۆژهیه لهوهدایه كه ئاستی زانستی زانكۆكانی كوردستان بهرز دهكاتهوه، له ههمان كاتدا كێبڕكێیهكی زانستی و ئهكادیمی له نێوان زانكۆكان دروست دهبێت، ئهوه جگه لهوهی كه زانكۆكان ئاشنا بهپێوهرە زانستیە نێودەوڵەتییەکان دهبن و, باشتر لەنێو نەخشەى ئەکادیمى نێودەوڵەتیدا دەردەکەون.
وتەبێژەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: مایهی خۆشحاڵیه كه بۆردى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پشتگیری خۆی بۆ جێبهجێكردنی پڕۆژهی ڕیزبهندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكان دوپاتكردۆتهوه، ئهوهش خزمهتكردنێكی دیكهیە به زانكۆكانی كوردستان، كه لهڕێگهیەوه ڕهنگدانهوهی دهبێت لهسهر كۆمهڵگهو بهرهوپێشبردنی سێكتهره جیاكان.