University of Raparin Logo

كۆرسی راهێنانی پرۆفێشناڵ بۆ سەنتەرەكانی گەشەپێدانی كار لەزانكۆكان رێكخرا

چاپکردن ئیمەیڵ

لەرۆژانی 23- 2015/05/26، رێكخراوی IREX ی نێودەوڵەتی بەهاوبەشی كونسوڵگەری ئەمریكا لەعێراق و وەزارەتی خوێندنی باڵاو ئۆفیسی جێگری سەرۆكی حكومەتی لەهۆتێل كانیۆنی شاری هەولێر كۆرسێكی راهێنانی پرۆفێشناڵی بۆ ستافی سەرجەم سەنتەرەكانی گەشەپێدانی كار لەزانكۆ حكومیەكان كوردستان كردەوە.

وۆركشۆپەكە لەلایەن كەسانی پرۆفێشناڵەوە رێكخرابوو هەروەها سەرجەم وانەكان لەلایەن كەسانی پسپۆڕو بەئەزموون رێكخرابوون و چەندین سیمیناریش لەرێگەی سكایپەوە پێشكەشی ئامادەبووان كرا.
لەوۆركشۆپەكانی كۆرسەكەدا بەوردی باس لەپلانی یەك ساڵی داهاتووی سەنتەرەكانی گەشەپێدانی كار كرا كە لەلایەن رێكخراوی IREX و كونسوڵگەری ئەمریكا لەعێراق و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ئۆفیسی جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی دەكرێن. هەر لەو چوارچێوەیەدا چەندین هەنگاوی گرنگ روونكرانەوە كە پێویستە سەنتەرەكان پەیڕەوی لێ بكەن و ئامادەكاری بكەن بۆ ستراتیژیەتی ساڵی داهاتووی خوێندن، هەروەها ئەم سەنتەرانە پێویستە تێكەڵاوی لەنێوان خوێندكارانی زانكۆو بازاڕی كار دروست بكەن لەرێگەی چەندین چالاكی جیاوازی وەك پێشانگای دەرفەتی كار، سیمینارو بۆنەی دیكەی سەرمێز لەگەڵ خاوەن كارەكان. هەروەك هەنگاوێكی گرنگیش دەبێت بۆ ئامادەكردنی خوێندكارانی زانكۆ بۆ بازاڕی كار.
لەكۆرسەكەدا ئەوەش خرایەڕوو كە ئەم سەنتەرانە هەنگاوێكی جدی دەبن بۆ ریفۆرمی پرۆگرامی ئەكادیمی خوێندن چونكە لەم رێگەیە زانكۆكان دەزانن بازاڕی كاریان پێویستی بەچ پرۆگرامێكی ئەكادیمی و كردنەوەو داخستنی چ بەشێكی ئەكادیمی هەیە.
لەكۆتا رۆژی كۆرسەكەدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووان. بڕیاریشە رۆژی 2015/05/28، لەهۆتێل رۆتانای شاری هەولێر پێشانگای ساڵانەی دەرفەتی كار بكرێتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش ستافی سەنتەری گەشەپێدانی كار لەزانكۆ راپەڕین بەشداریدەكەن.
سەنتەری گەشەپێدانی كار لەزانكۆی راپەڕین لەمانگی 4ی 2015 دامەزراوەو لەمساڵدا وۆركشۆپی چۆنێتی نووسنی سی ڤی و تەكنیكەكانی چاوپێكەوتنی كاری بۆ خوێندكارانی قۆناغی چواری سەرجەم بەشەكان كردەوە. بڕیاریشە چەندین چالاكی دیكەی جیاواز بكاتەوە، لەوانە پرۆگرامی راهێنانی تواناكان لەكۆمپانیاكاندا بۆ بەشێك لەخوێندكارانی قۆناغی چوار بەهاوكاری ئۆفیسی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.