لەگەڵ وادەی نزیك بوونەوەی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندندا بەتایبەت لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان،زانكۆكان خەریكی ئامادەكارین بۆ دەستپێكردنی ئەو پڕۆسەیە، زانكۆی ڕاپەڕین-یش وەك زانكۆیەكی حكومی لەسەرجەم فاكەڵتی و سكوڵ و بەشەكاندا ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ پڕۆسەكە.
زانكۆی ڕاپەڕین بەمەبەستی ڕێكخستنی كاروباری تاقیكردنەوەكان و دابینكردنی كەشێكی ئارام و گونجاو بۆ خوێندكاران لەسەرجەم فاكەڵتی و سكوڵ و بەشەكاندا لیژنەی تاقیكردنەوەكانی پێكهێناوە.
سەبارەت بەپڕۆسەی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ م.ڕزگار قادر پیرۆت سەرۆكی لیژنەی تاقیكردنەوەكان لەفاكەڵتی پەروەردەی بنەڕەت وتی: لیژنەكەمان ئامادەكاری تەوای كردووە بۆ ئەو مەبەستە، تائێستا سێ كۆبوونەوەمان ئەنجامداوە، هەروەها وۆرك شۆپێكمان بۆ مامۆستایانی فاكەڵتیمان سازكردووە بە مەبەستی پێدانی ڕێنمایی لەشێوازی پرسیاردانان و چۆنیەتی چاودێری كردنی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە، هەروەها کۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەری خوێندكاراندا كردووە سەبارەت بەدانانی خشتەی تاقیكردنەوەكان بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بگونجێ لەگەڵ خواستی خوێندكاران.
دەربارەی كاتی دەستپێكردن تاقیكردنەوەكان و ڕێنماییەكانی لیژنەكەیان بۆ خوێندكاران م.ڕزگار وتی: تاقیكردنەوەكان بۆ دەوامی ئێواران لە ڕۆژی
٦ / ٦ / ٢٠١٥ بۆ دەوامی بەیانیان لە ٧ / ٦ / ٢٠١٥ دەستپێدەكات،نزیكەی ١٥٠٠ خوێندكار بەشداری تاقیكردنەوەكانی فاکەڵتیمان دەكەن، ڕێنماییمان بۆ خوێندكاران ئەوەیە كە پابەندبن بەكاتی ئامادەبوون،هەڵگرتنی باج-ی زانكۆیی، پابەندبن بەو ڕێنماییانەی كە لیژنەكەمان دیاری كردووە، هیوای سەركەوتن بۆ سەرجەم خوێندكاران دەخوازین .
هەر سەبارەت پڕۆسەی تاقیكرنەوەكان د.مسلم حسن محمد سەرۆكی لیژنەی تاقیكردنەوەكان لەفاكەڵتی زانستەمرۆڤایەتییەكان وتی: ئێمە وەكو لیژنەی تاقیكردنەوەكان و ڕاگری فاكەڵتیمان كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم مامۆستایان كردووە سەبارەت بەچۆنیەتی دانانی پرسیاری تاقیكردنەوەكان و ڕاست و هەڵەكردنی دەفتەرەكان،ڕێكخستنی هۆڵەكان و دانانی خشتەی تاقیكردنەوەكان، هەروەها دابینكردنی كەشێكی گونجاو بۆ خوێندكاران.
دەربارەی ڕێنماییەكان و ژمارەی خوێندكارانی بەشداربوو لەتاقیكردنەوكان د.مسلم وتی: لەفاكەڵتی زانستەمرۆڤایەتییەكان نزیكەی ٦٨٣ خوێندكار بەشداری پڕۆسەكە دەكەن، پێویستە خوێندكاران پابەندی ئەو ڕێنماییەكان بن و لەكاتی دیاریكراو لەهۆڵەكان ئامادەبن، دەخوازین گشت خوێندكاران سەركەوتووبن.