University of Raparin Logo

وه‌زیری خوێندنی باڵا: به‌مانای تازه‌كردنه‌وه‌‌ و گونجاندنی له‌گه‌ڵ دۆخ و قۆناغی ئێستا باس له‌ ڕیفۆرم ده‌كه‌ین

چاپکردن ئیمەیڵ

 له‌میانی سیمنارێكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، كه‌ بۆ دكتۆر یوسف گۆران  وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی , له‌باره‌ی پلان و دیدی نوێی وه‌زاره‌ت بۆ ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا ڕێكخرابوو، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ده‌مانه‌وێ‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی باڵا بكەینه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی پته‌و .

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٣ / ٦ / ٢٠١٥ له‌هۆڵی سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی  زانكۆی سه‌ڵاحه‌د‌دین، به‌دروشمی ((پلان و تێڕوانینی نوێ بۆ ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان)) سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین سیمنارێكی بەناونیشانى (جێبه‌جێكردنی ڕیفۆرمی كوالێتی سیسته‌می ڕیزبه‌ندی نیستیمانی و پرۆسه‌ی بۆڵۆنیا) بۆ د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕێكخست.

له‌سمینارەكه‌دا د.یوسف گۆران به‌چه‌ند ته‌وه‌ڕیك و خستنه‌ڕوی داتاو ئاماری نوێ تیشكی خسته‌‌سه‌ر دۆخی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و، هه‌وڵه‌كان بۆ بایه‌خدان به‌توێژینه‌وه‌ی زانستی، په‌ره‌پێدانی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن و به‌ستنه‌وه‌یان به‌بازاڕی كار، پڕۆژه‌ی ڕیزبه‌ندی نیشتمیانی بۆ زانكۆكانی كوردستان و ڕه‌هه‌نده‌ جیاكانی، پرۆسەی بۆڵۆنیا و ئاوێتەبونی زانکۆکانی کوردستان بە ستانداردی زانستی ئەوروپی.

دواتر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی  به‌ ئاما‌دبوانی ڕاگه‌یاند: وه‌ك وه‌زاره‌ت ئاره‌زو ده‌كه‌ین بابه‌تی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا  له‌گه‌ڵ مامۆستایان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان تاوتوێ بكه‌ن، چونكه‌ بەپێویستی دەزانین‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت، وتیشی " كه‌ باسی ڕیفۆرم ده‌كه‌ین، مانای ئه‌وه‌نییه‌ شتێكی خراپ، چاك ده‌كه‌ین، یان له‌ بایه‌خی هه‌وڵه‌كانی ڕابردو كه‌مده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو به‌مانای تازه‌كردنه‌وه‌یه‌ و گونجاندنییه‌تی له‌گه‌ڵ دۆخ و قۆناغی ئێستا".

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، باسی له‌ نه‌خشه ‌ڕیگای ڕیفۆرمی خوێندنی باڵای كرد و چەند ته‌وه‌ره‌كانی گرنگی خسته‌ڕوو، سه‌ره‌تا باسی لەمێژووی خوێندنی باڵا له كوردستان كرد و وتی: له‌ساڵی (١٩٩١) ه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌ك زانكۆی حكومییه‌وه‌ بۆته‌ خاوه‌نی ده‌یان زانكۆ و نزیكه‌ی (٥٧٥) به‌شی زانستی و، (١٠٦٠٠٠ ) خوێندكار و (٧٢٥٨) مامۆستای هه‌یه‌، وتیشی " ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئیتر ته‌واو ڕازین، به‌ڵكو خوێندنی باڵا و بواری ئه‌كادیمیا له‌و سه‌رده‌مه‌ داواكاری زیاتری لێمان ده‌وێت و ناچارین خۆمان به‌جیهانی بكه‌ین و په‌یوه‌ندی زانستی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌و ببه‌ستین و، به‌رواردی خۆمان له‌گه‌ڵ باش و باشتر و باشترین بكه‌ین، ته‌نیا به‌و شێوه‌یه‌ به‌ره‌و پیشه‌وه‌ بڕۆین".

د.یوسف گۆران له‌باره‌ی پێگه‌ی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ئاماژه‌كردن به‌ڕانكینگی جیهانی وتی: ‌ عێراق به‌ گشتی له‌ ڕوی به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌، له‌ ساڵی (٢٠٠٤)وە ئاستی به‌رزبۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی  تر زۆر له‌دواوه‌یه‌، وتیشی " یه‌كێك له‌كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان له‌ پلانی نوێی خوێندنی باڵا، گرنگییه‌كی زیاتر به‌ توێژینه‌وه‌کان ده‌ده‌ین و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌نجومه‌نێكی باڵا بۆ توێژینه‌وه‌مان دامه‌زراندوه‌، هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێت به‌شدار بێت، با سیڤیه‌كه‌ی بنێرێت".

لە بەشێکی دیکەی سمیناره‌كه‌یدا د.یوسف گۆران نەخشە ڕێگە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕون کردەوە ڕایگەیاند: ‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ ئێستادا كار بۆ جێبه‌جێكردنی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان ده‌كات به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی پێشبڕكێیه‌ك بكه‌وێته‌ نێوان زانكۆكان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیان، وتیشی گرنگی جێبه‌جیكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئاستی زانستی زانكۆكانی كوردستان به‌رز ده‌كاته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا كێبڕكێیه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی له‌ نێوان زانكۆكان دروست ده‌بێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ زانكۆكان ئاشنا ده‌بن به‌پێوه‌رە نوێیه‌كانی ئاستی زانكۆكان، كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ ڕانكی زانكۆكانی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نه‌خشه‌ی زانكۆكانی جیهان به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خزمه‌تكردنێكی دیكه‌ به‌ زانكۆكانی كوردستان، كه‌ له‌و ڕێگایەوه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا ‌و به‌ره‌وپێشبردنی سێكته‌ره‌ جیاجیاكان.

هه‌ر له‌ سمیناره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ وردی باسی له‌ پڕۆسه‌ی بۆڵۆنیا كرد و ڕایگه‌یاند: ئێستا زۆر به‌جدی كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بچینه‌ ناو ئه‌و پڕۆسه‌یه‌،  ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ و زانكۆكانی هه‌رێمیش له‌زۆر كێشەیە‌ ڕزگاریان ده‌بێت،  چونكه ‌ پڕۆسه‌ی بۆلۆنیا ده‌زگایه‌كی زانستییه‌ له‌ بواری خوێندنی باڵا،  خاوه‌ن پێوه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، له‌ ئێستادا (٤٨) ده‌وڵه‌ت به‌شداریان تێدا كردووه‌ و پابه‌ندن به‌ پره‌نسیپه‌كانی، وتیشی " ئه‌گه‌ر بتوانین بچینه‌ ناو ئه‌و پڕۆسه‌یه‌وه‌‌ له‌ كێشه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه و گوێزانه‌وه‌ له‌ زانكۆكانی هه‌رێم بۆ زانكۆكانی ئه‌وروپی به‌هه‌مان ئاست و قۆناغ چارەسەر ده‌بێت، هه‌روه‌ك جۆرێك له‌ یه‌كبوونی میتۆدی خوێندن دێته‌ئاراوه‌.

د.یوسف گۆران ڕوونیکردەوە : كه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ كارێكی ئاسان نییه‌ و ئیراده‌ و پشودرێژی ده‌وێت، چونكه‌ ئێمه‌ كار له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی كواڵیتی ده‌كه‌ین له‌ بواری یاسای خوێندنی باڵا، زمان،  زانستی، ئه‌كادیمی و  ئیداری  و پابه‌ندین به‌ جێبه‌جێكردنی، ئه‌گه‌ر بتوانین (٥٠%) جێبه‌جێبكه‌ین، ئەوا هه‌نگاوێكی گه‌وره‌مان ناوە.