University of Raparin Logo

وه‌زیری خوێندنی باڵا: دڵنیایی جۆری ده‌روازه‌ی چونه‌ ناو جیھانی پێشكه‌وتویی خوێندنی باڵا-یه‌

چاپکردن ئیمەیڵ

به‌ئامانجی به‌دیهێنانی گۆڕانكاری له‌ دڵنیایی جۆری و متمانه‌ به‌خشین و زیاتر كاركردنی به‌رنامه‌ی دڵنیایی جۆری له‌ زانكۆكان به‌تایبه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكان، به‌ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژێنه‌وه‌ی زانستی، لێژنه‌ی باڵای دڵنیایی جۆری و متمانه‌به‌خشین كۆبوه‌وه‌.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی ٨ / ٦ / ٢٠١٥ له‌ هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانس له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت به‌ ئاماده‌بونی د.ئامانج سه‌عید ڕاویژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ كاروباری زانستی و، د.نوری هه‌رزانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی دڵنیایی جۆری و متمانه‌ به‌خشین و، به‌ڕێوه‌به‌ری دڵنیایی جۆری له‌ زانكۆكانی كوردستان به‌ڕێوه‌چو، له‌ سه‌ره‌تادا د.یوسف گۆران وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كردو ڕایگه‌یاند: ئه‌ركی دڵنیایی جۆری و متمانه‌ به‌خشین ئه‌ركێكی گرنگ و پیرۆزه‌، چونكه‌  دڵنیایی جۆری ده‌روازه‌ی چونه‌ ناو جیھانێكی پێشكه‌وتوی خوێندنی باڵا-یه.

له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش بۆ قۆناغی داهاتوو، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ڕیفۆرمی نوێی خوێندنی باڵاین، ئه‌ركی فه‌رمانگه‌ی دڵنیایی جۆری و متمانه‌ به‌خشین قورستر ده‌بێت، هه‌روه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكان‌ كه‌ ئێستا وه‌زاره‌ت كاری له‌سه‌ر ده‌كات، جۆرێك له‌ چاودێریكردن و به‌رپرسیارێتی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌كه‌وته‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ (هه‌گبه‌ی مامۆستا، كۆرس بوك، پڕۆگرامه‌كانی خوێندن، لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی....).

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی  ڕایگه‌یاند: ئه‌خوازین له‌م قۆناغه‌دا دڵنیایی جۆری و متمانه‌ به‌خشین خزمه‌ت به‌ پڕۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی زانكۆكان بكات، چونكه‌ هه‌مو ڕێگه‌كانی په‌ره‌پێدانی خوێندنی باڵا ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر دڵنیایی جۆری و متمانه‌ به‌خشین، هه‌ربۆیه‌ به‌گرنگیزانی به‌پێی قۆناغ و گۆڕانكارییه‌كان ‌ڕێنماییه‌كان پێداچونه‌وه‌یان بۆ بكرێت، وتیشی ئه‌ركی ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ پیرۆز و گرنگه‌ بۆیه‌ به‌دڵی سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای داده‌نێم.

له‌ به‌شێك دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا له‌لایه‌ن پسپۆڕانی بواره‌كه‌، چه‌ند پێشنیاز و گۆڕانكارییه‌ك سه‌باره‌ت به‌ (هه‌گبه‌ی مامۆستا، كۆرس بوك، پڕۆپۆزه‌ڵی مامۆستاو دكتۆرا، فیدباكی خوێندكاران، كواڵیتی توێژینه‌وه‌ی زانستی) خرانه‌ڕوو.

دواتریش د.ئامانج عه‌بدوڵلا سه‌عید ئاماژه‌ی به‌ناوه‌ڕۆك و بنه‌ماكانی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان كرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌گرنگیه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ڕۆڵی دڵنیایی جۆری و متمانه‌ به‌خشین كرد له‌ پڕۆسه‌كه‌دا. كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌گفتوگۆیه‌كی ئه‌كادیمی و زانستی نێوان ئاماده‌بوان كۆتایی پێهات.