University of Raparin Logo

فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبانکێکی ئەهلی مووچە وەردەگرن

چاپکردن ئیمەیڵ

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە ٢٣٢ لە ٢٢ / ٦ / ٢٠١٥ ، لەمەودوا فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەڕێگەی بانکی ئەهلی( کوردستان) مووچەکانیان وەردەگرن.

 وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاش رایگەیاند" بەپێی نووسراوەکە بڕی (٥) هەزار دینار لەسەرەتای کردنەوەی ئەژمارە بانکییەکە لە هەر فەرمانبەرێک وەردەگیرێت و بەپێی نووسراوەکەش بڕیارەکە ئیلزامییە".

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند" وەزارەتی دارایی سەبارەت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەت کردووە، کە تایبەتە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەڕێگەی بانکی ئەهلی (کوردستان) ەوە، بەپێی نووسراوەکەش لەمەودوا فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بانکی کوردستان مووچەکانیان وەردەگرن".
عەباس ئەکرەم وتیشی"  هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ئەژمارێکی‌ بانكی‌ له‌ بانكی‌ كوردستان دەکاتەوە و مووچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و بانكه‌وه‌ وه‌ردەگرێت، بەپێی بڕیارەکەش بڕی‌ پێنج هه‌زار دینار له‌سه‌ره‌تای‌ كردنه‌وه‌ی‌ هەژمارە بانكیەکە، هه‌روه‌ها خه‌رجی‌ بانكی‌ به‌ڕێژە‌ی‌ (٠،٠٠٧٥) له‌مووچه‌ی‌ بنه‌ڕە‌تی‌ له‌ بری‌ پێدانی‌ مووچه‌ بۆ هه‌ر مانگێك لە فەرمانبەران وەردەگیرێت". 
بەپێی نووسراوەکە بڕیارەکە ئیلزامییە و ناگەڕێتەوە سەر بژاردەی فەرمانبەران، بەڵکو وەک وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی پێداوە:" دەبێت فەرمانبەران پێیەوە پابەند بن، هەر فەرمانبەرێکیش پێیەوە پابەند نەبێت خۆی بەرپرسیار دەبێت".
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی، ئاماژەی بەوەشدا، وەکو وەزارەت کۆبوونەوەیان سەبارەت بەو بڕیارە ئەنجامداوە و هەنگاوە سەرەتاییەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش لەڕێگەی دابەشکردنی فۆرم بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی بڕیارەکە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.