University of Raparin Logo

مەرجی نوێ‌ بۆ پێدانی نازناوی زانستی بەهەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر لەزانكۆكان دادەنرێ‌

چاپکردن ئیمەیڵ

بەپێی  فەرمانێكی وەزاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە ( ٨٨٦ ) لە ١ / ٧ / ٢٠١٥ كە ئاراستەی سەرجەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە و وێنەیەكی دەست ماڵپەڕی زانكۆی ڕاپەڕین كەوتووە.

وەزاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەمەبەستی ڕێكخستنی پڕۆسەی پەرەپێدانی نازناوی زانستی (مامۆستای یاریدەدەر) بەهەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر  و ڕەخساندنی هەلی پەرەپێدانی زیاتری تواناكانیان لەزانكۆكانی كوردستان فەرمانێكی وەزاری دەردەكات كە تیایدا كۆمەلێك مەرجی نوێ‌ بۆ پێدانی نازناوی زانستی بەهەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر لەزانكۆكان دیاری دەكات .

ئەمەش دەقی فەرمانەكەیە:

ئاماژە بەماددەی (٢٠) یەكەم لەیاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)بەمەبەستی ڕێكخستنی پڕۆسەی پەرەپێدانی نازناوی زانستی (مامۆستای یاریدەدەر) بەهەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و ڕەخساندنی هەلی پەرەپێدانی زیاتری تواناكانیان بڕیارماندا بە:

١- هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر لەدوای بەدەستهێنان و یەكسانكردنی بڕوانامەكانیان پێویستە كۆرسەكانی ئامادەكاری بۆ وانەوتنەوە و پەرەپێدانی توانا ئەكادیمییەكان بەسەركەوتوویی تەواو بكەن .

٢- پێویستە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر بەرلەوەرگرتنی نازناوی زانستی مامۆستای یاریدەدەر لە(٥)ی تاقیكردنەوەی (IELTS) یان هاوتاكەی لە تاقیكردنەوە ستانداردەكانی دیكەی توانستی زمانی كەمتر نەبێت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بڕوانامە یەكێك لەتاقیكردنەوە ستانداردەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی پێشكەش بكات كە بریتین لە( PEARSON - IBT TOEFL - IELTS )

٣- دوابەدوای دەستەبەركردنی ئەو مەرجانەی كە لەخاڵی یەكەم و دووەمی ئەم فەرمانەدا ئاماژەمان پێكردووە، لەلایەن زانكۆكانەوە سیمیناری تایبەت بەهەڵسەنگاندنی توانا زانستی و ئەكادیمییەكانی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر ئەنجام دەدرێت و كاندیدە سەركەوتووەكان نازناوی زانستی مامۆستای یاریدەدەریان پێدەدرێت.

٤- ئەم فەرمانە لە ١ / ٩ / ٢٠١٥ جێ بەجێ‌ دەكرێت.