د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی رێنمایی ژماره (٢)ی ساڵی (٢٠١٥)ی زانكۆ و په‌یمانگا تایبه‌ته‌كانی له هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ند كرد، هه‌روه‌ك ئاماژه‌شی پێده‌كات كه، له گرنگترین بڕگه‌كانی ناو رێنمیاییه‌كه‌دا بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦) كۆنمره‌ی چوونه پێشبڕكێی وه‌رگرتن به‌رزكراوه‌ته‌وه.
عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لێژنه‌یه‌كی باڵا له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت و به‌له‌به‌ر چاوگرتنی كوالێتی خوێندن و فێركردن رێنماییه‌كان ئاماده‌كرا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی رێنمایی ژماره (٢)ی ساڵی (٢٠١٥)ی زانكۆ و په‌یمانگه تایبه‌ته‌كانی له هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ند كرد".
وتیشی: "له‌گرنگترین خاڵه‌كانی نێو رێنماییه‌كه‌دا هاتووه، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن خوێندكاران به‌نمره‌ی (٥٥%) كه‌متر نه‌بێت ده‌توانن بچنه پێشبڕكێی وه‌رگرتن، ئه‌مه له كاتێكدایه له‌ساڵانی پێشوو چوونه پێشبڕكێ بۆ وه‌رگرتن له (٥٠%) بوو".
هه‌روه‌ك له رێنماییه‌كه‌دا هاتوه رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له كورسی خوێندن له به‌شه‌كانی زانكۆ تایبه‌ته‌كان كه‌مكراوه‌ته‌وه، بۆ نمونه له به‌شه‌كانی (كارگێڕی كار، ژمێریاری، دارایی و بانك، كارگێڕی ته‌ندروستی و كارگێڕی یاسایی) له (٢٠٠) كورسی خوێندن كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ (١٥٠) كورسی. له به‌شه‌كانی (یاسا و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان) ژماره‌ی كورسییه‌كانی خوێندن له (١٦٠) كورسی كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ (١٢٠) كورسی خوێندن.
به‌هه‌مان شێوه له به‌شه‌كانی ئه‌ندازه‌ش (١٠) كورسی خوێندن كه‌مكراوه‌ته‌وه‌و، ٧٠ كورسی خوێندن بۆ به‌شه‌كانی ئه‌ندازه‌ی شارستانی، ئه‌ندازه‌ی نه‌وت و( IT) ته‌رخانكراوه. له‌باره‌ی به‌شه‌كانی تریش به‌هه‌مان شێوه له زۆربه‌ی به‌شه‌كان ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له كورسییه‌كان كه‌مكراونه‌ته‌وه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی راشیگه‌یاند: له‌ڕووی كۆنمره‌وه له هه‌ندێك له‌به‌شه‌كاندا كۆنمره‌ی وه‌رگرتن به‌رزكراوه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك بۆ نمونه له‌به‌شی یاسا كۆنمره‌ی چوونه پێشبڕكێی وه‌رگرتن له (٦٠%)وه به‌رزكراوه‌ته‌وه بۆ (٦٥%). له‌به‌شی ئه‌ندازه‌ی شارستانی و ته‌لارسازی كۆنمره‌ی چوونه پێشبڕكێی وه‌رگرتن له (٨٠%)وه به‌رزكراوه‌ته‌وه بۆ (٨٥%). به‌هه‌مان شێوه له‌به‌شی ئه‌ندازه‌ی (نه‌وت، كۆمپیوته‌ر، گه‌یاندن) كۆنمره‌ی چوونه پێشبڕكێی وه‌رگرتن له (٧٥%)وه به‌رزكراوه‌ته‌وه بۆ (٨٠%). له‌به‌شی ئه‌ندازه‌ی ژینگه‌ش كۆنمره‌ی چوونه پێشبڕكێی وه‌رگرتن له (٧٠%)وه به‌رزكراوه‌ته‌وه بۆ (٧٥%). جگه له‌به‌شه‌كانی تریش به‌هه‌مان شێوه كۆنمره‌ی وه‌رگرتن به‌رزكراونه‌ته‌وه.".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا وتیشی: "ئامانج له به‌رزكردنه‌وه‌ی كۆنمره‌ی وه‌رگرتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانی خوێندن له به‌شه‌كانی زانكۆ تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو چاكسازیكردنه له پڕۆسه‌ی خوێندن له زانكۆ و په‌یمانگه تایبه‌ته‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی خوێندن و فێربوونه".
بۆ كرێی خوێندن له زانكۆ و په‌یمانگه تایبه‌ته‌كان له هه‌رێمی كوردستان، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: "كرێی خوێندن له زانكۆ و په‌یمانگه تایبه‌ته‌كان به‌رزناكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌ته‌كه‌مان نوسراوی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م زانكۆكان كردووه، كه ره‌چاوی دۆخی ئابوری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و نرخی خوێندن به‌رز نه‌كه‌نه‌وه، خۆشبه‌ختانه زانكۆكان به‌ده‌م داواكه‌مانه‌وه هاتوون و پابه‌ندبونیان به بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌ت دوپات كرده‌وه".
وتیشی: "وه‌زاره‌ته‌كه‌مان نوسراوی ره‌سمی ئاڕاسته‌ی زانكۆ و په‌یمانگه تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ په‌یڕه‌وكردنی رێنماییه‌كان و ده‌ستكردن به دابه‌شكردنی فۆڕمی وه‌رگرتن و، دابه‌شكردنی رێنماییه‌كان به‌شێوه‌ی رێبه‌ر به‌سه‌ر خوێندكارانی ئاره‌زومه‌ند".