وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: کوردستان لەبەردەم کراونەوەیەکى گەورەدایە، بۆیە لەگەڵ ئەو کرانەوەیەدا کۆمەڵێک بەبابەتى نوێ هاتۆتەوە ئاراوە، کە پێویستە لە ناوەندەکانى خوێندن بخوێندرێن تا بتوانین بەشێوەیەکى ئەکادیمى چارەسەرى کێشەکان بکەین.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشوازیکردنى لە وەفدێکى (کۆمیتەى نێونەتەوەى خاچى سور) هات، کە ئەمڕۆ یەک شەممە، ڕێکەوتى (٦/٩/٢٠١٥) بەسەرۆکایەتى (چیا عەلى ڕاوێژکارى کۆمیتەى نێونەتەوەى خاچى سور لە هەرێمى کوردستان) سەردانى دیوانى وەزارەتیان کردبوو. لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیبوو، وەفدى میوان ئامانجى سەردانەکەى بۆ دیوانى وەزارەت ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند: کۆمیتەى نێونەتەوەى خاچى سور ماوەى (١٠) ساڵە کار لەسەر بابەتى بڵاوکردنەوەى (یاساى مرۆیى نێودەوڵەتى) دەکات، هەربۆیە زانکۆکانیش بەتایبەت کۆلیژەکانى (یاسا، سیاسەت) بەناوەندێکى گرنگ دەزانین بۆ ئەو بابەتى تێدا بخوێندرێت و، خوێندکارانى ئەو بەشانە ئاشنا بکرێن بە بنەماکانى ئەو یاسا، چونکە سودى زۆرى دەبێت بۆ چۆنیەتى ڕێزگرتن لە مافى مرۆڤ لە هەر کۆمەڵگەیەک بەتایبەت کاتێک ناوچەکە ڕوبەڕوى ململانێ بێتەوە، بۆ ئەوەش داوایان لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد هاریکاریان بێت بۆ گەیشتن بەو ئامانج و داڕشتنى چوارچێوەیەک بۆ خوێندنى ئەو بابەتە لە زانکۆکانى کوردستان. لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: یاساى مرۆیى نێودەوڵەتى یەکێکە لە بابەتە گرنگە مرۆیى و ئەکادیمیەکان، کە ڕەهەندێکى نێودەوڵەتى و دەستورى هەیە، وتیشى لەم قۆناغەى هەرێمى کوردستاندا زۆر بابەت هەیە بەتایبەت لە ڕوى یاساییەوە کە پێویستە لە ناوەندەکانى خوێندن بخوێندرێن، بەڵام بەهۆى زۆرى بابەتەکان و کەمى ماوەى خوێندن ناتوانین شوێنى هەموو ئەو بابەتانە بکەینەوە. د.یوسف گۆران لەگەڵ دوپاتکردنەوەى پاڵپشتیکردنى بیرۆکەکەیان، ڕاشگەیاند: یاساى مرۆیى نێودەوڵەتى تەنها بریتیە نیە لە زیادکردنى بابەتێک لە لیستى پڕۆگرامەکانى خوێندن، بەڵکو ئەو بابەتە پێویستى بەستافى ئەکادیمى و خولى ڕاهێنان و سەنتەرى توێژینەوە هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشنیازى کرد پڕۆپۆزەڵێک ئامادە بکەن بۆ ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەیەکى لێکگەیشتن بۆ ڕێکخستنى سروشتى کارەکە، هەروەک پێشنیازى ئەوەشى کرد کە سەنتەرێکى تایبەت بۆ لێکۆڵێنەوەى بوارى نێودەوڵەتى مرۆیى بەهاوکارى کۆمیتەى نێونەتەوەى خاچى سور لە کوردستان کرد بۆ بڵاوکردنەوەى یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکان. لە بەرامبەردا وەفدى میوان پێشوازیان لە پێشنیازەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردو بەڵێنیاندا کار لەسەر ئەو پێشنیازە بکەن.