University of Raparin Logo

ماوەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى دکتۆرا درێژ کرایەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

 بەمەبەستى ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا/ دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، لە ئەنجامى کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٩ / ٩ / ٢٠١٥) بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و, بە ئامادەبوونى بەرێزان راوێژکارانى جەنابى وەزیر و بەرێوەبەرە گشتیەکان و، ى.ب.گ توێژینەوە و پەرەپێدان بەڕێوەچوو، ڕێنمایى خوێندنى دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان هەموار کرایەوەو، وادەى پیشکەشکردنیش درێژ کرایەوە.

 کۆبونەوەکە سەبارەت بە پڕۆسەى پێشکەشکردن و پڕۆسەى تاقیکردنەوە و مەرجەکانى پیشکەشکردن ئەم بڕیارانەى خوارەوەى دا:

١-پڕۆسەى پێشکەشکردن درێژدەکرێتەوە تا کۆتایى دەوامى فەرمى ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى(١٥ / ٩ / ٢٠١٥)

٢- تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە ڕۆژى دووشەممە رێکەوتى (٢١ / ٩ / ٢٠١٥)ئەنجام دەدرێت.

٣- سەبارەت بە پاڵەوانانى وەرزشى کە هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرن و کۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە (٦٠%) کەمترە و, لەسەر بنەماى پاڵەوانى وەرزشى لە خوێندنى بەکالۆریۆس وەرگیراون, ئەوا مافى پێشکەشکردنیان بۆ خوێندنى دکتۆرا هەیە.

٤-سەبارەت بە هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆمى باڵاى ئەکادیمى, ئەوانەى کۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە (٦٠%) کەمترە و, دواتر بروانامەى دبلۆمى باڵاى ئەکادیمیان پێش ساڵى (٢٠١١-٢٠١٢) بە دەست هێناوە و, ئینجا لەسەر بنەماى (کۆکردنەوەى کۆنمرەى بەکالۆریۆس و دبلۆمى باڵاى ئەکادیمى) خوێندنى ماستەریان تەواو کردوە, ئەوا مافى پێشکەشکردنیان بۆ خوێندنى دکتۆرا هەیە.