بەئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچوانی پۆلی (١٢) ئامادەیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کەمترین کۆنمرەی وەرگرتنی لە پەیمانگا تایبەتەکان بە (٥٠%) دیاریکرد.
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: وەک دەرفەتێک بۆ دەرچوانی پۆلی (١٢) ئامادەیی و تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن، لەسەر ڕاسپاردەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی تایبەت لە دیوانی وەزارەتەکەمان، بەفرمانێک کە ئاڕاستەی (پەیمانگای هەولێر بۆ نەوت) و ( پەیمانگای تەکنیکی ڕەواندزی تایبەت)ی کردوە، تییدا هاتوە " بۆ چوونە ناو سیستەمی پێشبڕکێی وەرگرتن لە پەیمانگا تایبەتەکان کۆنمرەی (٥٠%) بە کەمترین کۆنمرە دیاریکراوە بۆ سەرجەم بەشەکان".
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی: ئەم بڕیارە سەرجەم ئەو پەیمانگا تایبەتیانەش دەگرێتەوە،کە لە ئایندەدا بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەتی کارکردن لە وەزارەتەکەمان وەردەگرن.