بەمەبەستى دیراسەکردنى واقیعى خوێندنى یاسا لە هەرێمى کوردستان و، هەنگاونان بۆ پێداچوونەوەو چاکسازیکردن لە بەشەکانى یاسا لە زانکۆکانى کوردستان، ئەمڕۆ سێ شه‌ممه، رێکەوتى ٢٢ / ٩ / ٢٠١٥ بەسەرپەرشتى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، به‌ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان و، ڕاگرى کۆلێژەکانى یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان له دیوانی وه‌زاره‌ت كۆبونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو.
له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا چەند بڕیارێک لەبارەى خوێندنى بەشى یاسا لە زانکۆکانى هەرێم درا، سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌ش له ساڵی نوێی خوێندن (٢٠١٥-٢٠١٦)ه‌وه ده‌چنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
لەم بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: به‌ئامانجی پێداچونه‌وه به پرۆگرامه‌كانی خوێندن و، داڕشتنه‌وه‌یان به‌پێی قۆناغ و پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان، لە سەرەتاى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، به‌ئامادەبوونى سەرجەم سەرۆک بەش و، ڕاگرى کۆلێژەکانى یاسا لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و، نوێنەرانى وەزارەتى داد و یەکێتى مافپەروەران و سەندیکاى پارێزەران، کۆبونەوەیەک له دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ڕێوه‌چو، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا دوای تاوتوێكردن و گه‌ڵاڵه‌كردنی چه‌ند پێشنیازێك، سه‌رئه‌نجام بڕیاری پێكهێنانی سێ لێژنە لە پارێزگانی (هەولێر و سلێمانى و دهۆک) درا بۆ كاركردن له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له به‌شه‌كانی یاسا. ئه‌و لێژنه‌نانه له‌ماوه‌ی ڕابردودا چه‌ندین كۆبونه‌وه‌یان به‌ڕێوه‌برد، لە ئاكامدا ئەو لێژنانە ڕاپۆرت و ڕاسپاردە و پێشنیازه‌كانیان پێشکەش بەوەزارەت کرد و، ئەمڕۆش لە کۆبونەوه‌كه‌دا له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕاپۆرت و ڕاسپاردە و پێشنیازه‌كانى لێژنەکان و، دوا دیراسەکردنێكی ئه‌كادیمیانه، بڕیاری ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ی خواره‌وه له به‌شه‌كانی یاسا په‌سەند كران.
وه‌ك وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگەیاند: یه‌كێك له بڕیاره گرنگه‌كان درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی خوێندنه له به‌شه‌كانی یاسا له چوار ساڵه‌وه بۆ پێنچ ساڵ، ڕونیشیكرده‌وه بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه خوێندنى یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەبێتە پێنج ساڵ، ئەم بڕیارە لە ئەمساڵەوە لە قۆناغى یەکەمى بەشەکانى یاسا پەیڕەو دەکرێت. هەروەک بڕیاریش درا نمرەى دەرچون لەبەشى یاسا بكرێته (٦٠%) وە هەژمار بکرێت.
لەبارەى سیستمى خوێندنى بەشەکانى یاسا، عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند: سیستمى خوێندن لەبەشەکانى یاسا دەبێتە ساڵانە بە زانکۆ حکومى و تایبەتەکان. لەبارەى ئەنجامدانى ئەزمونەکانیش، بەشێک لە ئەزموونەکانى بەشەکانى یاسا بەشێوەى مەرکەزى دەبێت بەتایبەتى لە ساڵى یەکەمى خوێندنى زمانەکانى ئینگلیزى و عەرەبى.
سەبارەت بە ئامادەکارى بۆ تاوتوێکردنى پرۆگرامەکانى خوێندن بۆ ساڵى یەکەمى کۆلێژەکانى یاسا، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ ئەم مەبەستە وا بڕیارە له ڕێکەوتى ٥ / ١٠ / ٢٠١٥ کۆبونەوەیەکى دیكه بە ئامادەبوونى راگر و سەرۆک بەشەکانى یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت بۆ تاوتوێکردنى پرۆگرام و بەرنامەکانى خوێندن بۆ ساڵى یەکەمى کۆلێژەکانى یاسا. وتیشى بڕیارە تازەکانى پەیوەست بە بەشى یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە ڕێبەرى وەرگرتنى خوێندکاران/ قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) بڵاوده‌كرێته‌وه.
ڕێکخراوى یەکێتى ئەوروپا دواى ڕاوێژ و دیراسەکردنی پڕگرامه‌كانی خوێندن به‌شه‌كانی یاسا لەگەڵ کۆلێژەکانى یاسا لە زانکۆکانى (سەڵاحەددین، سلێمانى، دهۆک، بەغداد، کۆیە)، هاریکار و پشتگیر بووە له پێناو پێداچوونەوەو گه‌شه‌پێدانی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن و گونجاندنیان له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌م.